محەمەد حاجی مەحموود: ریفراندۆم گەشاوەترین خاڵی مێژووی کۆن و نوێی کوردە

سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: ریفراندۆم گەشاوەترین خاڵی مێژووی کۆن و نوێی کوردە، دەبوو زووتر کورد ئەو کارەی کردبا. دەشڵێت: نابێت بێئومێد بین و هەر کە دەرفەت هەبوو پێویستە کار بۆ سەربەخۆیی بکەین.

هەینی، 25ـی ئەیلوولی 2026، محەمەد حاجی مەحموود، سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە بارەی کارکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: دەبوو لایەنەکان زیاتر رێزیان لە ئیدارەی خەڵکی کوردستان گرتبا و زووتر پەرلەمانیان کارا بکردبایەوە، چونکە لە رێگەی پەرلەمانەوە دەتوانین ئەو یاسایانەی بەغدا دژی کوردستان دەریدەکات، هەڵیوەشێنینەوە.

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا پارتی و یەکێتی گرنگە رێککبکەون، ئەگەر ئەوان رێبککەون خێرا پەرلەمان کارا دەکرێتەوە.

سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە بارەی ریفراندۆمەوە رایگەیاند: ریفراندۆمی سەربەخۆیی گەشاوەترین خاڵی مێژووی کۆن و نوێی کوردە، دەبوو زووتر کورد ئەو کارەی کردبا.

گوتیشی: نابێت بێئومێد بین و هەر دەرفەت هەبوو پێویستە کار بۆ سەربەخۆیی بکەین، چونکە هیچ یاسا و ئایینێک نایسەپێنێت کە کورد هەتا هەتایە ژێردەستە بێت.