ئومێد خۆشناو: ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی دەکرێت
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادەکاریی بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان دەکات، وەک قۆناخی یەکەم دابەشکردنەکە لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست پێدەکات. هاوکات داوای لە حکوومەتی عێراق کرد، بە هەمان شێوازی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواروو، پشکی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستانیش دابین بکات و دوور بێت لە هەر جیاکارییەک.
یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر ئامادەکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا لە وەرزی سەرما، هاوکات هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە بابەتی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران روون کردەوە.
خۆشناو رایگەیاند: "وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ئامادەکاریدایە بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی؛ ئێمەش لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان سەرجەم پێداویستی و داواکارییەکانی خۆمان پێشکەش کردووە."
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بە رۆڵی حکوومەتی عێراقا کرد لەم پرسەدا و گوتی: هیوادارین حکوومەتی فیدراڵ هیچ جیاکارییەک نەکات و هەروەک چۆن بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق نەوتی سپی دابین دەکات، بە هەمان پێوەر پشکی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستانیشی دابین بکات؛ سەرەڕای ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر داهاتی خۆی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر کردووە.
سەبارەت بە میکانیزمی دابەشکردنەکە، پارێزگاری هەولێر روونی کردەوە، ئێستا وەزارەتی لە ئامادەکارییدایە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی دابەشکردنی نەوت، هەر کاتێک بڕیاری دەستپێکردنی بدرێت، وەک ساڵانی پێشوو سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشکردنەکە دەست پێدەکات، هاوکات هیواشی خواست لەمساڵدا پڕۆسەکە فراوانتر بکرێت و سەنتەری شارەکانیش بگرێتەوە.
ئومێد خۆشناو، لە بەشێکی دیکەی لێدوانە رۆژنامەوانییەکەیدا و سەبارەت بە پرسی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، گوتی: "دوێنێ بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر روونکردنەوەی پێویستی لەسەر ئەم بابەتە خستەڕوو؛ پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە ئەم پرسە تەنیا پەیوەست نییە بە هەرێمی کوردستانەوە، بەڵکوو پرسێکە پەیوەستە بە تەواوی دەوڵەتی عێراق و، هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بڕیارەکانی حکوومەتی فیدراڵ مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە دەکات."
پارێزگاری هەولێر دووپاتی کردەوە، حکوومەتی عێراق چ بڕیارێک لە بارەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ئێرانەوە دەربکات، ئێمە وەک هەرێمی کوردستان پێوەی پابەندین و لەسەر هەمان رێچکە بڕیاری پێویست دەدەین.