لە دیاربەکر خۆپیشاندانێک دژی کوشتنی ئافرەتان بەڕێوەچوو

بەسەرپەرشتی ئەنجوومەنی ئافرەتانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، لە شاری دیاربەکری باکووری کوردستان خۆپیشاندانێک بۆ ئیدانەکردنی کوشتنی ئافرەتان بەڕێوەچوو. لە خۆپیشاندانەکەدا جەخت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و کاراکردنی میکانیزمەکانی پاراستنی مافەکانیان کرایەوە.

سیرا بوچاک، هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی دیاربەکر لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئافرەتان لەم ناوچەیەدا ساڵانێکی درێژە خەبات دەکەن، بەڵام توندوتیژی و کوشتنی ئافرەتان بووەتە کێشەیەکی پێکهاتەیی و دەسەڵاتداران گوێ بە داواکارییە یاساییەکان نادەن. ناوبراو رەخنەی لە سیستەمی دادوەری گرت بەوەی کە سزاکانی سەر ئەنجامدەرانی توندوتیژی کەمدەکاتەوە و بەگوێرەی پێویست یاسا رێگرییەکان جێبەجێ ناکات. هەروەها ئاماژەی بە دۆسیەی بێسەروشوێنبوون و گیانلەدەستدانی کەسانی وەک "گوڵستان دۆکو" و "رۆژین کابایش" کرد و جەختی لەسەر بەردەوامیی پشتگیری کۆمەڵگە بۆ ئەم دۆسیانە کردەوە.

لە لایەکی دیکەوە، هالیدە تورکئۆغلو، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئافرەتانی دەم پارتی رایگەیاند، ئافرەتان لە هەمان کاتدا خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی خۆیان و گەلی کورد دەکەن. ئاماژەی بەوەش دا، لەکاتێکدا حکوومەت و وەزارەتەکان ئینکاری هەبوونی توندوتیژی دەکەن، ئیدارە خۆجێییەکان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ پاراستنی ژیان و مافەکانی ئافرەتان.

شارەوانییەکانی باکووری کوردستان کە لەلایەن دەم پارتییەوە بەڕێوەدەبرێن، خاوەنی چەندین ناوەند و میکانیزمی پشتگیری کۆمەڵایەتین بۆ هاوکاریکردنی ئەو ئافرەتانەی رووبەڕووی توندوتیژی خێزانی دەبنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە چالاکوانان داوای جێبەجێکردنی بڕگە یاساییەکانی پاراستنی مافی ئافرەتان و رێگریکردن لە سزادانەنەدانی تاوانباران دەکەن.