ئەمریکا بۆ ماوەی مانگێک سزای گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان نەجەف و ئێران هەڵدەگرێت

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمریکا تاوتوێی ئەوە دەکات لێخۆشبوون لە سزاکان ببەخشێتە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئێران و نەجەف لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە.

دووشەممە 28ـی ئەیلوولی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاندووە، واشنتن لە تاوتوێکردنی بڕیارێکدایە بۆ بەخشینی لێخۆشبوون لە سزاکان بۆ ئەو گەشتە ئاسمانییانەی لەنێوان ئێران و نەجەف دەکرێن.

هەروەها رایگەیاندووە، ئەم هەنگاوەی ئەمریکا، رێگە بە بەکارهێنانی فڕۆکە و هێڵی ئاسمانیی عێراقی بۆ گەشتکردن بەرەو ئێران و بەپێچەوانەشەوە دەدات.

بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز، ئەو لێخۆشبوونەی ئەمریکا بە مەبەستی سەردانیکردنی مەزارگە ئایینییەکان دەبێت و تەنیا بۆ ماوەی یەک مانگ کاری پێدەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، یاسر عەبدولزەهرا حەجاج، باڵیۆزی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراق (واع) ئاشکرای کرد، حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران، هەوڵە دیپلۆماسی و کارگێڕییەکانی چڕکردووەتەوە لە پێناو دەستپێکردنەوەی ئاسایی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ.

سەبارەت بە هۆکاری راگرتنی گەشتەکانیش لە ماوەی رابردوودا، حەجاج روونیکردەوە، هیچ بڕیارێکی فەرمی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران دەرنەچووە، بەڵکو کۆمپانیا بیانییەکانی خزمەتگوزاریی زەمینیی فڕۆکەوانی، لە ترسی سزاکانی ئەمریکا لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە فڕۆکە ئێرانییەکان کشانەوە.

باڵیۆزی عێراق لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئاستەنگەکان لە قۆناخی تێپەڕاندندان و لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف جارێکی دیکە دەرگاکانی بەڕووی فڕۆکە و گەشتە ئاسمانییەکانی ئێراندا دەکاتەوە.

هاوکات ئەبوو زەر شیروودی، سەرۆکی رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، هێشتا هیچ نووسراوێکی فەرمییان لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان لە بەغداوە پێ نەگەیشتووە.رایگەیاندووە،، گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ لایەنی عێراقی بەردەوامە و داوای لە هاووڵاتییان کرد پێش کڕینی بلیت، لە راستیی دۆخی گەشتەکان دڵنیا ببنەوە.

جگە لە عێراق، وڵاتانی وەک ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، عومان، گورجستان و کۆماری ئازەربایجان گەشتە ئاسمانییەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران راگرتووە. ئەم هەنگاوەی وڵاتانی ناوچەکە دوای ئەوە دێت ئەمریکا سزاکانی بۆ سەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران توندتر کرد و هۆشداریی دا ئەو فڕۆکەخانانەی خزمەتگوزاری بە فڕۆکەکانی ئێران پێشکەش بکەن، رووبەڕووی سزای ئەمریکا دەبنەوە.