لە شوێنی لەنگەرگرتنی کەشتیی نوح بەڵگەی نوێ دۆزرایەوە
تیمێکی زانستی لە پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان رایانگەیاند، لەو ناوچەیەی گومان دەکرێت شوێنی لەنگەرگرتنی کەشتیی نوح بێت، رێژەیەکی ئێجگار بەرزی ماددەی ئەندامی دۆزراوەتەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەکی بەهێز بۆ بوونی پاشماوەی دار و چالاکیی مرۆیی لەو پێگەیەدا لێکدەدرێتەوە.
بەپێی دوایین پشکنینە تاقیگەییەکان لە چوارچێوەی"پڕۆژەی بەدواداچوون بۆ کەشتیی نوح، دەرکەوتووە کە رێژەی ماددە ئەندامییەکان لەو شوێنە دیاریکراوەدا، سێ هێندە زیاترە بەراورد بە خاکی دەوروبەری خۆی.
زانایان و پسپۆڕانی پڕۆژەکە بە بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی ڕادار و ئامێری جیۆفیزیکی، توانیویانە بگەنە قوڵایی 18 مەتری ژێر زەوی و ژمارەیەکی زۆر نموونەی خاک و پاشماوەکان بۆ پشکنینی ورد دەربهێنن.
لەم بارەیەوە، ئەندرۆ جۆنس، جێگری سەرۆکی پڕۆژەی بەدواداچوون بۆ کەشتیی نوح ڕایگەیاند: "دۆزینەوەی ئەو رێژە بەرزەی ماددەی ئەندامی، ئاماژەیەکی روونە بۆ بوونی پاشماوەی تەختە و شوێنەواری ژیانی مرۆڤ لەو ناوچەیەدا؛ ئێستاش سەرقاڵی پشکنینی زیاترین و تاوەکو کۆتایی وەرزی زستان ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل و زانستی لەسەر دەرەنجامەکان بڵاودەکەینەوە."
ئەندرۆ جۆنس ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە و ژمارەیەکی زۆر لە شوێنەوارناسان و لێکۆڵەرانی بیانی سەردانی ناوچەکەیان کردووە، هاوکات شوێنەکە بووەتە جێی سەرنجی میدیا جیهانییەکان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلمی دۆکیۆمێنتاری.
رۆژی شەممە 19ی ئەیلوولی 2026، سێ تیمی زانستی و بەڵگەفیلمی نێودەوڵەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا، بە بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی رادار و پشکنینی جیۆلۆجی، لە ناوچەی بازیدی سەربە پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان دەستیان بە توێژینەوەیەکی بەرفراوان کرد بە مەبەستی دۆزینەوەی بەڵگەی زانستی لەسەر شوێنی لەنگەرگرتنی کەشتیی نوح.
بەپێی دەقەکانی قورئانی پیرۆز، کەشتیی حەزرەتی نوح لەسەر چیای جوودی لەنگەری گرتووە، لە کاتێکدا لە تەورات و ئینجیلدا ئاماژە بەوە دراوە کە کەشتییەکە لەسەر چیاکانی ئارارات (چیای ئاگری) لەنگەری گرتووە.
ئێستا پێکهاتەیەکی سروشتیی زەبەلاح لە بەرد و خاک لە بناری کێوی ئارارات لە سنووری شارۆچکەی بازید بووەتە جێگەی بایەخی ناوەندە زانستییەکان، بەو پێیەی تایبەتمەندییە جوگرافییەکانی ئەو ناوچەیە لە شێوەی کەشتییەکی گەورەدا دەردەکەوێت، ئەمەش وایکردووە تیمە نێودەوڵەتییەکان بە کەرەستەی سەردەمیانە لە نزیکەوە لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی ئەو شوێنە بکەن.
ئەندرۆ جۆنز، یەکێک لە توێژەرانی پڕۆژەکە رایگەیاندبوو، کارەکانیان لە مانگی تەممووزی ئەمساڵەوە لە سنووری بازید دەستپێکردووە و ئێستا گەیشتوونەتە هەفتەی کۆتایی کارەکانیان. جۆنز ئاشکرای کرد بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی تورکیا، راداری زۆر پێشکەوتووی تایبەت بە پشکنینی ژێرزەوی بە هاوکاریی پسپۆڕانی ئەمریکی بەکارهێنراوە، و لە ئەنجامدا توانیویانە لەم هەفتەیەدا کۆمەڵێک رێڕەو لە ژێر زەویدا دەستنیشان بکەن کە پێشتر هاوشێوەیان لە ناوچەکەدا نەبینراوە.
لە نێو تیمە نێودەوڵەتییەکاندا کۆمەڵێک زانا و مامۆستای زانکۆ، لەوانە پسپۆڕانی زانکۆی سێواس، شانبەشانی دەرهێنەری ناوداری بەریتانی "بێر گریڵس" بەشدارن لە بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلم لەسەر پرۆسەکە.
لەو بارەیەوە لۆرین ڤێتزکە، سەرۆکی کۆمەڵەی دۆزینەوەی کەشتیی نوح دووپاتی کردبووەوە, هیچ گومانێکی نییە لەوەی ئەم پێگەیە جێگەی راستەقینەی لەنگەرگرتنی کەشتیی نوحە و بنەچەی مرۆڤایەتی لەم ناوچەیەوە بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە.
ڤێتزکە جەختی لەوە کردبووەوە کە بەهۆی گرنگیی کەشتیی نوح لە هەردوو ئاینی ئیسلام و کریستیاندا، سەلماندنی ئەم دۆزینەوەیە دەبێتە هۆی راکێشانی هەزاران باوەڕدار و گەشتیار بۆ سنووری بازید لە پارێزگای ئاگری و بووژانەوەیەکی گەورەی ئابووری بۆ ناوچەکە دروست دەکات.