لە زاخۆ مۆڵەت بەو شوێنانە نادرێت کە تابلۆکانیان بە کوردی نین

زاخۆ
زاخۆ

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بڕیاری دا نووسینی تابلۆ بە زمانی کوردی بکاتە مەرجی سەرەکیی پێدان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی کار بۆ شوێنە بازرگانییەکان، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و زمانی دایکدا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، دڵخاز مووسا، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری زاخۆ، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەپێناو پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و گرنگیدان بە زمانی شیرینی کوردی، هەر شوێنکارێک تابلۆکەی بە زمانی بیانی بنووسێت مۆڵەتی پێ نادەن. ئاماژەی بەوە دا، مەرجی سەرەکی بۆ پێدانی مۆڵەت، نووسینی ناوە سەرەکییەکەی تابلۆکەیە بە زمانی کوردی.

بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری زاخۆ، گوتی، دەکرێت دوای نووسینی تابلۆکە و ناوی شوێنەکە بە کوردی، واتاکەی بە عەرەبی یان زمانێکی دیکە بنووسرێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن تابلۆ بە زمانی بیانی بێت. ئاشکراشی کرد، هەفتانە لانی کەم دوو ناوی بیانی بۆ شوێنی کار و دووکانەکان رەتدەکەنەوە و خاوەنەکانیان دەبێت ناوەکانیان بگۆڕن. 

سەبارەت بەو تابلۆیانەی پێش بڕیارەکە بە زمانی بیانی نووسراون، دڵخاز مووسا، روونی کردەوە، لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتی ساڵانەیان داوایان لێ دەکرێت ناوی تابلۆکانیان بکەنە کوردی، بە پێچەوانەوە مۆڵەتەکەیان بۆ نوێ ناکرێتەوە.

بەپێی ئامارەکان، نزیکەی 800 شوێنی کار لە 14 جۆری جیاواز، لەوانە پەڕاوگە، دووکانی مۆبایل، کۆمپیوتەر و چەندانی دیکە، مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەری زاخۆ وەردەگرن. لەمەودوا هەر خاوەنکارێک تابلۆی شوێنەکەی بە کوردی نەنووسێت، مۆڵەتی کارکردنی پێ نادرێت.

پاراستنی زمانی کوردی لە تابلۆی شوێنە گشتی و بازرگانییەکاندا، یەکێکە لە هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاریکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی و رێگریکردن لە زاڵبوونی وشە و ناوی بیانی بەسەر بازاڕەکاندا. لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی کرانەوەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەڕووی جیهاندا، بەکارهێنانی ناوی ئینگلیزی، تورکی و عەرەبی بۆ مۆڵ، رێستۆرانت و دووکانەکان زۆر زیادی کرد.

بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان چەندین جار رێنماییان دەرکردووە بۆ ئەوەی خاوەنکارەکان ناوی کوردی بۆ شوێنەکانیان هەڵبژێرن، یان لانی کەم زمانی کوردی لە تابلۆکاندا گەورەتر و بەرچاوتر بێت.