دوو سەرچاوە: فڕۆکەخانەی نەجەف بە دوو قۆناخ بۆ ئێرانییەکان دەکرێتەوە
لەسەر داواکاریی سەرۆکوەزیران، ئەمریکا رەزامەندیی داوە فڕۆکەخانەی نەجەف بەڕووی گەشتەکانی ئێراندا بکرێتەوە و پرۆسەکەش بە دوو قۆناخ و وەک تاقیکاری جێبەجێ دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، دوو سەرچاوەی ئاگادار لە حکوومەتی فیدراڵ، بە کوردستان24ـیان راگەیاند، عێراق بە فەرمی داوای لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کردووە رێگە بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف بدات مامەڵە لەگەڵ هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران بکات.
سەرچاوەکان، ئاماژەیان بەوە دا، داواکارییەکە سەرەتا بە پاساوی هاتنی گەشتیارانی ئایینی بووە لەبەر پیرۆزیی شاری نەجەف بۆ شیعەکان، پاشان مەبەستی پزیشکی و خوێندنی بۆ زیاد کراوە. داواکارییەکە لە لایەن نووسینگەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشکەش کراوە.
کوردستان24 زانیویەتی، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەرەتا بە بەرپرسانی عێراقی گوتووە بیر لە داواکارییەکەیان دەکەنەوە. لەسەر ئەم بنەمایە چەند بەرپرسێكی عێراقی لێدوانیان لەبارەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکە دا، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی نەکراوەتەوە.
یەکێک لە سەرچاوەکان کە ئاگاداری گفتوگۆی بەرپرسانی عێراق و ئەمریکا بووە، گوتی، "عەلی زەیدی فشاری لە ئەمریکییەکان کرد داواکارییەکە قبووڵ بکەن، چونکە داخستنی ئەو فڕۆکەخانەیە فشاری زۆری لەسەر حکوومەتەکەی دروست کردووە." ئەمریکییەکانیش لە وەڵامدا بەڵێنیان داوە لە ماوەی 48 کاتژمێردا فڕۆکەخانەکە بکەنەوە، واتە تاوەکو 24 کاتژمێری دیکە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف بەڕووی گەشتەکانی ئێران دەکرێتەوە.
سەرچاوەکە، باسی لەوە کرد، کردنەوەی فڕۆکەخانەکە بە دوو قۆناخ دەبێت. سەرەتا 30 رۆژ مۆڵەتێکی کاتی دەدرێت، پاشان وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا خۆی هەڵسەنگاندن دەکات و بڕیار لە پێدانی مۆڵەتی یەکجاری یان داخستنی بەڕووی گەشتەکانی ئێران دەدات.
ئەوەشی خستەروو، ئامانج لەم هەنگاوە کەمکردنەوەی فشارەکانە لەسەر حکوومەتی عێراق، چونکە عەلی زەیدی دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا بەهێز بکات و بەرپرسانی کابینەکەی دۆناڵد ترەمپیش لەو راستییە تێدەگەن.
ماوەی رابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای قورسی بەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێراندا سەپاند، هۆکارەکەشی بۆ گواستنەوەی چەک و هاوکاریکردنی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکە گەڕاندەوە. لە چوارچێوەی ئەم سزایانەدا، ئەمریکا هۆشداریی دایە وڵاتان ئەگەر پێشوازی لە فڕۆکە ئێرانییەکان بکەن، رووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە و لە سیستمی دۆلار بێبەش دەکرێن.
عێراق لەپێناو پاراستنی ئابووریی خۆی و بەردەوامبوونی گەیشتنی دۆلار، ناچار بوو گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ ئێران رابگرێت. فڕۆکەخانەی نەجەف یەکێکە لە قوربانییە سەرەکییەکانی ئەم بڕیارە، چونکە ساڵانە پێشوازی لە ملیۆنان گەشتیار و سەردانیکەری ئێرانی دەکات سەردانی مەزارگە ئایینییەکان دەکەن. راگرتنی گەشتەکان زیانێکی گەورەی ئابووریی بە شاری نەجەف گەیاندووە و وای کردووە لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە تاران فشاری زۆر بخەنە سەر عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک.