کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی سەرکۆنەی هەڵوێستەکانی عێراق بەرامبەر بە هەرێم دەکات

کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە راگەیاندراوێکدا نیگەرانیی قووڵی خۆی لە بەرامبەر لێدوان و هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەربڕی و بە توندی سەرکۆنەی هەر هەوڵێکی کرد کە ئامانجی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی بێت.

سێشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2026، کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژەی داوە، هەرێمی کوردستان هەمیشە پێداگری لەسەر پابەندبوون بە دەستوور و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان کردووە، بۆیە داواکردنی ئەو مافە رەوایانە نابێت ببێتە هۆکاری دروستکردنی گرژی و قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان لە نێوان هەولێر و بەغدادا.

کۆنفیدراسیۆنەکە دووپاتی کردووەتەوە، پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوان و سەرجەم کوردستانییانی دیاسپۆرا گرنگییەکی تایبەتی هەیە و پاراستنی هەرێمی کوردستان بە ئەرکێکی نیشتمانی و بێمەرج دەزانن.

هەروەها لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: هیچ سازشێک لەسەر مافە دەستوورییەکان و لە بەرامبەر پێشێلکردنیاندا ناکرێت و نابێت هیچ بەرژەوەندییەکی سیاسی لە سەرووی دەستوور و مافە رەواکانی هاووڵاتییانی کوردستانەوە بێت.

لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا، کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی داوای لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و هەموو لایەنە سیاسییە پەیوەندیدارەکان کردووە کە لەژێر چەتری گفتوگۆ و لێکتێگەیشتندا و لەسەر بنەمای پابەندبوون بە دەستوور، هاوبەشیی راستەقینە، یەکسانی و رێزگرتنی بەرامبەر کۆک بن و بەرپرسیارانە هەنگاو بنێن بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی دادپەروەرانە و بەردەوام بۆ هەموو ناکۆکییەکان، بە دوور لە زمانی هەڕەشە، گوشار و ململانێی سیاسی.

کۆنفیدراسیۆنەکە پێداگریشی کردووە گفتوگۆ رێگەی چارەسەرە، دەستوور بنەمای حوکمڕانییە و پاراستنی مافە دەستوورییەکانیش کۆڵەکەی هاوبەشی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەیە، هاوکات یەکڕیزی و هاودەنگیی گەلی کوردستانیشی لە ناوخۆ و دیاسپۆرادا بە بەهێزترین قەڵغان بۆ پاراستنی ئاشتی، سەقامگیری و دەستکەوتەکان ناو بردووە.