کارەبای سلێمانی و هەڵەبجە: قەرزەی کارەبای گوڵەخانە 76 ملیۆنە نەک 100

"هیچ هەڵەیەک لە پسوولەی کارەبای گوڵەخانەدا نییە"

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی و هەڵەبجە، وەڵامی لێدوانەکانی محەمەد حاجی مەحموودی دەدەنەوە سەبارەت بە گەڕانەوەی پسوولەی کارەبا بۆ گوڵەخانە و دەڵێن: کۆی بڕی تۆمارکراو 76 ملیۆن دینارە نەک 100 ملیۆن، کە بەشێکی زۆری قەرزی کەڵەکەبووی حەفت ساڵی رابردووە و هەشت هاوبەشی جیاوازی ماڵان، میری و کشتوکاڵی لەخۆدەگرێت.

سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی و هەڵەبجە، لە روونکردنەوەیەکی فەرمیدا وەڵامی لێدوانەکانی محەمەد حاجی مەحموود، سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتیان دایەوە سەبارەت بە گەڕانەوەی پسوولەی 100 ملیۆن دیناریی کارەبای گوڵەخانە و، سەرجەم وردەکارییە دارایی و کارگێڕییەکانی ئەو دۆسیەیەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد.

لە روونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی و هەڵەبجەدا هاتووە: بەشێکی زۆری ئەم 76 ملیۆن دینارە، قەرزی کۆنی کارەبای پێش جێبەجێکردنی پڕۆژەی رووناکییە؛ بەو پێیەی گوڵەخانە دواین جار حەفت ساڵ لەمەوبەر پارەی کارەبای داوە، بۆیە بەشێکی بەرچاو لەو بڕە پارەیە قەرزی کەڵەکەبووی ئەو ماوە درێژەیە.

هەر لە روونکردنەوەکەدا، پەردە لەسەر قەرزی موڵکەکانی دیکەی سەر بە محەمەد حاجی مەحموود لادراوە و هاتووە، لە هەمان کاتدا، کەناڵی تەلەفزیۆنی و بارەگای سەرەکییان لە شاری سلێمانی قەرزداری کارەبان، بە شێوەیەک کە بارەگا سەرەکییەکەیان دوایین جار لە ساڵی 2002ـدا پارەی کارەبای داوە.

 هەر لە روونکردنەوەکەدا هەردوولا تیشکیان خستووەتە سەر ئاستەنگییەکانی بەردەم کارمەندانی حکوومەت و رایانگەیاندووە: تیمەکانی کارەبا چەندین جار بۆ پشکنین و بەدواداچوونی پێوەرەکان سەردانی ئەو شوێنانەیان کردووە، بەڵام بەردەوام رێگری لە تیمەکانمان کراوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی و هەڵەبجە دووپاتیان کردەوە، پشکنینی وردی پسوولەکان هیچ جۆرە هەڵەیەکی لە بڕە تۆمارکراوەکاندا نەدۆزیوەتەوە؛ بۆیە جێی داخە لەگەڵ بوونی ئەم هەموو بەڵگە و زانیارییە راست و دروستانەدا، لایەنی گوڵەخانە بابەتەکە وەک نادادپەروەری لە میدیاکاندا باس دەکات.