سیروان بارزانی: کۆڕەک بەردەوام دەبێت
سیروان بارزانی، رایگەیاند، بەوپێیەی لە دادگاکانی هەولێر و بەغدا کەیسەکەیان بردووەتەوە کۆمپانیای کۆڕەک لە کارەکانی بەردەوام دەبێت، جەخت دەکاتەوە بڕیارەکانی دەستەی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق ناکۆکن لەگەڵ یاسا و دەستوور، هاوکات ئاشکرای کرد کە سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەیانی داوە.
سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، سیروان بارزانی، خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، بە کوردستان24ی گوتی: کۆڕەک لە ساڵی 2000 پێش رووخانی رژێمی پێشووی بەعس دامەزراوە و لە کارەکانی بەردەوام دەبێت و داناخرێت؛ گوتیشی: نزیکەی 60% هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەشداربووی کۆڕەکن، بۆیە دەبێت بەردەوام بێت.
خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک باسی لەوەش کرد، بەردەوامبوونی کۆڕەک کارێکی یاساییە، ئاماژەشی دا، ئەوان لە هەریەکە لە دادگاکانی هەولێر، بەغدا و رەسافە کەیسەکەیان بردووەتەوە، بەڵام دەستەی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق پابەندی بڕیار، یاسا و دەستوور نابن، کە ئەوانیش پابەند نەبن، ئێمەش گوێیان لێ ناگرین و پشت بە دەستوور و یاسا دەبەستین.گوتیشی: بڕیارەکانی دەستەی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق بە هیچ شێوەیەک قبووڵ کراو نین.
هەروەها رایگەیاند، ئەو کێشەیەی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق باس کردووە و ئەویش بەڵێنی داوە چارەسەری بکات.
دوێنێ دووشەممە، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە راگەیەندراوێکدا بە ناونیشانی “دادپەروەری سەردەکەوێ” بڵاویکردبووەوە، دادگای بەرایی رەسافە لە بەغدا، بڕیاری دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی تاکلایەنەی رێککەوتنی دارایی نێوان دەستەکە و کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی پووچەڵکردەوە و بڕیاری دا دەستبەجێ کار بە گرێبەستەکەی نێوانیان بکرێتەوە.