پرۆژەی رووناکی: بەهۆکاری تەکنیکی سبەی لە چەند شوێنێک کارەبا کەمدەبێتەوە
پڕۆژەی رووناکی رایدەگەیەنێت، سبەی چوارشەممە بەهۆی کارکردن لەسەر هێڵی سەرەکیی گواستنەوەی کارەبای ڕۆساک–سۆران–ئاکرێ، چەند وێستگەیەک لە کار دەکەون و پێدانی کارەبا لە بەشێک لە ناوچەکانی سۆران و دهۆک کەم دەبێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی پڕۆژەی ڕووناکی، سبەی چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، هێڵی گواستنەوەی کارەبای (ڕۆساک–سۆران–ئاکرێ 132 ک.ڤ) لە کاتژمێر 09:30ـی بەیانی تاوەکو 02:00ـی دوای نیوەڕۆ بەهۆکاری تەکنیکی ڕادەگیرێت، ئەمەش بە مەبەستی بەستنەوەی هێڵی کارگەی نوێی چیمەنتۆ لە سنووری خەلیفان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی راگرتنی ئەو هێڵەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک، ئەم وێستگانەی خوارەوە لە خزمەتگوزاری دەردەچن:
وێستگەی مۆبایلی جۆڵەمێرگ (132 ک.ڤ)
وێستگەی مۆبایلی هەندرێن (132 ک.ڤ)
وێستگەی مۆبایلی ڕەواندز (132 ک.ڤ)
وێستگەی مۆبایلی سپیلک
وێستگەی مۆبایلی باسرما (132 ک.ڤ)
وێستگەی خەلیفان (33 ک.ڤ)
وێستگەی هەریر (33 ک.ڤ)
وێستگەی ئامۆکان (132 ک.ڤ)
پڕۆژەی رووناکی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئەنجامی لەکارکەوتنی کاتیی ئەو وێستگانە، پێدانی کارەبا لەو ناوچانە و هەندێک ناوچەی دیکەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و سنووری پارێزگای دهۆک کەم دەبێتەوە تا ئەو کاتەی کارە تەکنیکییەکان کۆتاییان دێت و هێڵەکە دەخرێتەوە کار.