دەستەی دەستپاکی دەستی بەسەر زیاتر لە پێنج کیلۆ زێڕدا گرت

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رایگەیاند، لە درێژەی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی زیادبوونی سامان و دەستکەوتی نایاسایی جێگری بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی تۆماری خانوبەرەی سەڵاحەددین، دەستی بەسەر بڕێکی زۆر زێڕدا گرتووە.

لە راگەیەندراوێکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026 بلاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، تیمەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی سەڵاحەددین، پاش وەرگرتنی زانیاری و تۆمارکردنی دانپێدانانی هاوسەری تۆمەتبارەکە، بەدواداچوونی پێویستیان بۆ دۆزینەوەی ئەو زێڕانە کرد کە لە ماڵی تۆمەتبارەوە بۆ ماڵی کەسێکی دیکە گواسترابووەوە.

ئاماژەی بەوەش دا، تیمەکە بە بڕیاری دادگای لێکۆڵینەوەی سەڵاحەددین، دەستی بەسەر 5 کیلۆ و 250 گرام زێڕدا گرت و کۆنووسێکی فەرمیی بۆ ئەم مەبەستە رێکخست.

دەستەی دەستپاکی لە 30ـی ئابی 2026 رایگەیاندبوو، هاوسەری ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیرکردووە و لە ماڵەکەیدا دەستیان بەسەر بەڵگەنامە و تاپۆی 95 موڵکدا گرتووە کە لە پارێزگاکانی بەغدا، دیالە و سەڵاحەددین تۆمار کراون.

لەنێو کەلوپەلە دەستبەسەرکراوەکاندا، 31 بەڵگەنامەی مۆرکراوی بەتاڵ، ژمارەیەک کۆمپیوتەر، بڕێک پارە و زێڕی دیکەش هەبوون.