دیاردەی بەنزینفرۆشی قەراخ شەقام نامێنیت
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر هۆشداری دەدات، هەرکەسێک لەسەر شەقام و بەشێوەیەکی نایاسایی بەنزین بفرۆشێت رووبەرووی دادگا دەکرێتەوە و فرۆشتنی بەهەمووشێوەیەک قەدەخەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بڵاویکردەوە، هەڵمەتی لابردنی بەنزین فرۆشەکانی سەر شەقام بەردەوامە و بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانیی هەڵمەتێکی فراوانیان دەستپێکرد و تەواوی بەنزین فرۆشەکانی سەر شەقامە گشتیەکانی 100 مەتری و رێگای بەحرکەو شەقامی عەنکاوەو بەختیاریان لابرد .
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، هەڵمەتەکە بە چڕی بەدواداچوون و چاودێری هەموو شوێن و شەقامەکان دەکرێت بۆ رێگری کردن لەو دیاردەیه کە هیچ رێنمایی و مەرجی سەلامەتی تێدا رەچاو نەکراوە.
شارەوانیی هەولێر رایگەیاندووە، فرۆشتنی بەنزین لەسەر شەقام زێدەڕۆییە لەسەر موڵکی گشتی و هەروەها ناشیرینکردنی سیمای شاریشە .
ئەم هەڵمەتەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دوای ئەوە هات، دوێنی سێشەممە، بەڕێوەبەرايەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، رایگەیاند: لەمەودوا هەر کەسێک بە شێوەیەکی نایاسایی بەنزین لەسەر شەقامەکان بفرۆشێت، رووبەڕووی رێکاری ياسايى و لێپرسینەوە دەبێتەوە.
لە راگەیەنراوێکەی پۆلیسی هەولێر هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: فرۆشتنی بەنزین بە شێوەیەکی نایاسایی لەسەر شەقامەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە.
بەڕێوەبەرايەتییەکە ئاماژەی بەوە کرد، بە پێی پشکنینی تاقيگە، ئەو ماددەیەی بە ناوی بەنزینەوە دەفرۆشرێت، لە راستیدا تێکەڵەیەکە لە نەفتا و چەند ماددەیەکی تر و بڕێک بەنزین، ئەمەش هۆکاری سەرەکییە بۆ سووتانی ئۆتۆمبێل و دروستبوونی کارەساتی گەورە.
بەڕێوەبەرايەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر جەختی لەوە کردبووە، لەمەودوا هەر کەسێک ئەو کارە ئەنجام بدات، رووبەڕووی رێکاری ياسايى و لێپرسینەوە دەبێتەوە.