لە شێرپەنجە مەترسە لە درەنگ دەستنیشانکردنی بترسە

مانگی تشرینی یەکەم لە سەرتاسەری جیهاندا وەک مانگی پەمەیی دیاریکراوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ئافرەتان لەبارەی شێرپەنجەی مەمک، لە هەرێمی کوردستانیش هەنگاوەکان بۆ بەرەنگاربوونەوە و دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکە بەردەوامن، بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیش رایدەگەیەنێت، ئەم شێرپەنجەیە ئەگەر لە کاتی خۆیدا دەستنیشان بکرێت رێژەی چاکبوونەوەی دەگاتە لەسەدا 100.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، چنار سنجاوی، سەرۆکی بەشی کۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند "لە هەموو جیهاندا شێرپەنجە رووی لە زیادبوونە، لە هەرێمی کوردستانیش هەوڵ و هەنگاوەکان بۆ پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکە بەردەوامن".

دەربارەی بەردەستبوونی پشکنینەکان لە هەرێمی کوردستان، چنار سنجاوی گوتی، لە هەرچوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان و بەشی زۆری شارۆچکە و ئیدارە سەربەخۆکاندا، بەشی پشکنینی تایبەت بە شێرپەنجەی مەمک کراوەتەوە و بەردەوام لەلایەن ئافرەتانەوە سەردان دەکرێن. لە هەولێریش لە هەردوو نەخۆشخانەی رزگاری و نازدار بامەڕنی بەشی تایبەتمەند بەردەستە.

سەرۆکی بەشی کۆنترۆڵی شێرپەنجە ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی رابردوودا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێرەوە لە رێگەی تیمی گەڕۆکەوە پشکنینی مەیدانی بۆ ئافرەتان ئەنجامدراوە، هەوڵەکانیش بەردەوامن تا لە داهاتوودا ئەو پرۆسەیە زیاتر گرنگی پێبدرێت و بەرفراوانتر بکرێت.

"لە شێرپەنجە مەترسە، لە درەنگ دەستنیشانکردنی بترسە"

سەبارەت بە هەلی چاکبوونەوە، چنار سنجاوی جەختی لەوە کردەوە "شێرپەنجەی مەمک تاکە جۆری شێرپەنجەیە ئەگەر لە قۆناخی سەرەتادا دەستنیشان بکرێت، ئەوا تووشبووەکە بە رێژەی لەسەدا 100 بە تەواوی چاکدەبێتەوە، بۆیە هەمیشە ئەو دروشمە بەکاردەهێنین "لە شێرپەنجەی مەمک مەترسە، لە درەنگ دەستنیشانکردنی بترسە".

هاوکات رێنمایی ئافرەتانی کرد و گوتیشی، هەر ئافرەتێک تەمەنی گەیشتە 40 ساڵ، پێویستە دەستبەجێ پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک ئەنجام بدات بۆ ئەوەی هەمیشە لە دۆخی تەندروستیی خۆی دڵنیابێت.

دەربارەی ڕێژەی تووشبوون، چنار سنجاوی ئاشکرای کرد، لە کۆی گشتیی تووشبووانی شێرپەنجە لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، 23٪ـیان تووشبووی شێرپەنجەی مەمکن.

روونیشیکردەوە کە بەهۆی پێشکەوتوویی ناوەندە پزیشکییەکانی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشانی شارەکانی دیکەی عێراق بۆ چارەسەر ڕوو لە هەرێم دەکەن، بە جۆرێک نەخۆشانی شاری مووسڵ بە تەنیا 30٪ـی سەردانکەران پێکدەهێنن.

لەلایەکی دیکەوە، رێوان حوسێن، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی و نەخۆشییەکانی شێرپەنجە رایگەیاند، بەپێی داتاکان، لە جیهاندا لە نێوان هەر هەشت ئافرەت یەکێکیان ئەگەری تووشبوونی بە شێرپەنجەی مەمک هەیە. هۆکارەکانی مەترسیی بۆ دوو بەشی سەرەکی پۆلێن دەکات.

بە گوتەی رێوان حوسێن، ئەو هۆکارانەی کە مرۆڤ ناتوانێت دەستکارییان بکات بریتین لە:

-تەمەن: لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا ئەگەری تووشبوون بەرزتر دەبێتەوە.
-رەگەز: بەهۆی پێکهاتەی جەستەییەوە، ئافرەتان زۆر زیاتر لە پیاوان لەبەردەم مەترسیی تووشبووندان.
-مێژووی بۆماوەیی: هەبوونی کەسی تووشبوو لەنێو خانەوادە و کەسوکاردا.
-مێژووی تەندروستیی کەسەکە: ئەگەر ئافرەتەکە پێشتر تووشی نەخۆشییەکە بووبێت، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی زیاترە.
-سووڕی مانگانە: دەستپێکردنی پێشوەختەی سووڕی مانگانە لە تەمەنێکی زوودا، یان وەستانی لە تەمەنێکی زۆر درەنگدا.
لە بەرامبەردا، ئەو پزیشکە پسپۆڕە تیشک دەخاتە سەر کۆمەڵێک هۆکار کە دەکرێت بە گۆڕینی شێوازی ژیان کۆنتڕۆڵ بکرێن، لەوانە: کێشی زیاد و قەڵەوی، زیادەڕۆیی لە خواردنی خێرا (فاست فوود) و خواردنەوە گازدارەکان، کێشانی جگەرە و نێرگەلە، خواردنەوە کحوولییەکان، بەکارهێنانی درێژخایەنی چارەسەری هۆرمۆنی، لەگەڵ بەرکەوتنی بەردەوام بە تیشکە زیانبەخشەکان.

رێوان حوسێن دووپاتی دەکاتەوە کە پەیڕەوکردنی ئەم ڕێنماییە تەندروستییانەی خوارەوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە رێژەی 40٪ بۆ 50٪:

-وەرزشکردن: ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی و وەرزشی بەردەوام.
-کۆنتڕۆڵکردنی کێش: خۆپاراستن لە قەڵەوی و ڕاگرتنی هاوسەنگیی کێشی جەستە.
-دوورکەوتنەوە لە جگەرە: وازهێنان لە جگەرەکێشان بە هەموو شێوازەکانییەوە.
-شیرپێدانی سروشتی: هاندانی دایکان بۆ شیرپێدانی سروشتی بە کۆرپەکانیان.
-سیستەمی خۆراکیی تەندروست: بایەخدان بە خواردنی سەوزەوات و میوەی فرێش بە بڕی زۆر، و دوورکەوتنەوە لە خواردنە چەور و ناتەندروستەکان.