لە ورمێ هەڵگرتنەوەی بەرهەمی چەوەندەر دەستیپێکرد
هەڵگرتنەوەی چەوەندەر لە کێڵگەکانی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێ کردووە. بەرهەمی چەوەندەری نزیک 30 هەزار هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەم پارێزگایە، ئەمساڵ دەگاتە 2 ملیۆن تۆن. بەمەش ورمێ زیاتر لە یەک لەسەر سێی چەوەندەری هەموو ئێران بەرهەم دێنێت و هەر وەک ساڵانی پێشوو، پلەی یەکەمی بەرهەمهێنانی چەوەندەری لە ئاستی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بۆ خۆی پاراستووە.
جووتیارانی باشووری پارێزگای ورمێ لە ناوچەی چۆمی مەجید خان دەستیان کردووە بە هەڵگرتنەوەی چەوەندەر لە کێڵگەکانیان. ئەمساڵ زیاتر لە 29 هەزار هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەم پارێزگایە چەوەندەریان لێ بەرهەم دێت و زیاتر لە بیست هەزار کەس بە شێوەی راستەوخۆ و نزیک 30 هەزار کەسیش بە شێوە ناڕاستەوخۆ داهات و بژێویان بەم بەرهەمەوە بەسترواوەتەوە. بەڵام جووتیاران دەڵێن دۆخەکە وای لێ هاتووە داهاتی چەوەندەر بەقەد ماندووبوونەکەی نییە.
حوسێن حسێنی، جووتیار بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ بە پێی ئامارە فەرمییەکان، پارێزگای ورمێ ئەمساڵ زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن چەوەندەری دەبێت. هەموو ئەم چەوەندەرە بۆ بەرهەمهێنانی شەکر رادەستی شەش کارگەی گەورەی قەند و شەکری ئەو پارێزگایە دەکرێت. کارگەیەک لە باکووری پارێزگا، کارگەیەک لە ورمێ و چوار کارگەش لە شارەکانی خانێ، مهاباد، نەغەدە و میاندواو لە ناوچەی موکریانی باشووری پارێزگاکە هەڵکەوتوون. ئەگەرچی جووتیاران لە کڕینی بەرهەمەکەیان دڵنیان بەڵام ڕەخنەی زۆریان لە کارگەکان هەیە.
عەلی مەجیدی، جووتیار دەڵێت؛ پارێزگای ورمێ بە تەنیا زیاتر لە یەک لەسەر سێی کۆی چەوەندەری ئێران بەرهەم دێنێت و ساڵەهایە لە پلەی یەکەمدا جێی گرتووە. بەڵام چەوەندەر ئاوێکی زۆری دەوێت و هەر بۆیەش چەند ساڵێکە حکوومەت و دامودەزگا فەرمییەکان داوا لە جووتیاران دەکەن بۆ رێگری لە وشکبوونی دەریاچەی ورمێ، روو بکەنە چاندنی بەرهەمی دیکە و واز لە بەرهەمهێنانی چەوەندەر بهێنن.