ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی بەساڵاچووانە
لە رۆژی جیهانیی بەساڵاچوواندا، سەنتەری خانەنشینانی هەولێر ببووە پەناگەیەک بۆ پشوودان و ئاڵوگۆڕی ئەزموونی بەساڵاچووان
ئەمڕۆ، 1ی تشرینی یەکەم، رۆژی جیهانیی بەساڵاچووانە؛ ئەو توێژەی بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) تەمەنیان 65 ساڵ و بەسەرەوەیە و ساڵانێکی زۆریان بە کار، ئەزموون و خزمەتکردنی خێزان و کۆمەڵگە تێپەڕاندووە.
لە شاری هەولێر، سەنتەری خانەنشینان بووەتە شوێنێکی تایبەت کە تەنیا جێگەی پشوودان نییە، بەڵکوو چالاکیی کۆمەڵایەتی و وەرزشی، کتێبخانە و باخچەی تێدا دابین کراوە تاوەکو بەساڵاچووان کاتەکانیانی تێدا بەسەر ببەن.
سەنتەرەکە شوێنی رۆژانەی بەشێک لە بەساڵاچووانە کە هەر یەکێکیان گەنجینەیەکی پڕ لە زانست و وانەی گرنگن بۆ ژیان، و سەرەڕای کەمبوونەوەی توانای جەستەییان، پەیوەندیی هاوڕێیەتییان رۆژ دوای رۆژ پتەوتر دەبێت.
لە نێو سەردانیکەرانی سەنتەرەکەدا، خدر عەبدوڵڵا ساڵانێکی تەمەنی لە خزمەتی بەرگریکردن لە نیشتماندا بەسەر بردووە و دوایین قۆناخی ژیانی لە سەنتەری خانەنشینان بەسەر دەبات.
خدر عەبدوڵڵا، بە کوردستان24ی راگەیاند: "پێش ئەوەی ئێرە بکرێتەوە، ئێمە ئەو پیرەمێردە خانەنشینانە بەردەوام لە بازاڕ بووین، دەچووینە دوکانی ئەم و دوکانی ئەو، ئیزعاج و ناخۆش بوو. دوکاندارەکانیش بێزار دەبوون، خۆشمان بێزار ببووین. بەڵام ئێستا لێرە دادەنیشین بۆ خۆمان، کاتەکە بەڕێ دەکەین و پیرەمێردی بێئیش و بێکارین، لەوێوە دەچینەوە مالێ بۆ خۆمان."
سەنتەری خانەنشینانی هەولێر زیاتر لە 5 هەزار ئەندامی هەیە و رۆژانە زیاتر لە 200 کەسی بەساڵاچوو سەردانی دەکەن تاوەکو لە رێگەی یارییەکانی وەک دۆمینە و دامە، یان ئاڵوگۆڕی بیرەوەرییەکان، کاتەکانیان بەسەر ببەن.
بەساڵاچوون بەشێکە لە سروشتی ژیان، بەڵام ئەوەی لەم قۆناخەدا گرنگە ئەوەیە کە بەساڵاچووان بە تەنیایی و گوشەگیری تێنەپەڕن. ئەوان ساڵانێک لە پێناوی خێزان و کۆمەڵگەدا کاریان کردووە و ئێستا پێویستییان بەوەیە کۆمەڵگە لەبیریان نەکات.