ئەنجوومەنی کەنداو هێرشی حووسییەکان بۆ سەر مەدینە سەرکۆنە دەکات

سێشەممەی رابردوو کاتژمێر 05:11ـی بەرەبەیان، هاوپەیمانیی پاڵپشتیی شەرعییەت لە یەمەن رایگەیاند، وێستگەی تەیبە بۆ دابەشکردنی کارەبا لە مەدینە رووبەڕووی هێرشێکی تیرۆریستی بووەتەوە. بەگوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی دەزگا پەیوەندیدارەکان و پشکنینی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بەکارهاتووەکان لە هێرشەکەدا، حووسییەکان بەرپرسیارن لە پلاندانان و کردنی ئەو کردە تیرۆریستییە.

تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانییەکە پێنجشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە بەیاننامەیەکدا روونیکردەوە، هێرشەکە دامەزراوەیەکی مەدەنی کردووەتە ئامانج کە کارەبای مزگەوتی پێغەمبەر دابین دەکات. مالیکی ئاشکرایکرد، هێرشەکە بووەتە هۆی لەکارکەوتنی بگۆڕێکی کارەبا، بەڵام زیان بەر تۆڕی کارەباکە نەکەوتووە.

 جەختیشیکردەوە، ئەو هێرشە درێژکراوەی رێبازێکی توندڕەوی میلیشیاکانە کە هەوڵی بەردەوام دەدەن هەردوو حەرەمە پیرۆزەکە بکەنە ئامانج و بە ئەنقەست هەستی ملیۆنان موسڵمانی جیهان بجووڵێنن. مالیکی گوتی: "هاوپەیمانییەکە رێوشوێنی پێویست بۆ بێدەنگکردنی میلیشیا حوسییە تیرۆریستییەکان دەگرێتەبەر، ئەوەش بە مەبەستی زامنکردنی پاراستنی هەردوو حەرەمە پیرۆزەکە و سەلامەتیی حاجیان لە مەکە و مەدینە."

لەلایەکی دیکەوە، جاسم بەدیوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی کەنداو، بە توندترین شێوە ئەو هێرشە تیرۆریستییەی سەرکۆنەکرد. بەدیوی جەختیکردەوە، هێرشەکە هەموو هێڵە سوورەکانی بەزاندووە و بە سووکایەتییەکی ئاشکرا بۆ هەستی موسڵمانانی سەرانسەری جیهان و پێشێلکارییەکی مەترسیداری پیرۆزییە ئیسلامییەکان دادەنرێت.

ئەمینداری گشتیی روونیکردەوە، ئەو دەستدرێژییەی حووسییەکان رێبازێکی دوژمنکارانە دەسەلمێنێت کە هیچ رێزێک بۆ بەها ئایینی و مرۆییەکان و یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکان دانانێت. بەدیوی دووپاتیکردەوە، ئاسایشی عەرەبستانی سعوودیە و پیرۆزییەکانی بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی وڵاتانی کەنداو و هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەو وڵاتە، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی هەموو وڵاتانی ئەنجوومەن.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، جاسم بەدیوی پشتگیریی تەواوی وڵاتانی کەنداو بۆ سعوودیە لە رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک بۆ سەر سەروەری و ئاسایش و پیرۆزییەکانی ئەو وڵاتە راگەیاند. بەدیوی رایگەیاند، وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنەکە پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ سەرجەم ئەو رێوشوێنانە دەردەبڕن کە سعوودیە بۆ پاراستنی خاک و هاووڵاتییان و میوانانی خودا دەیانگرێتەبەر.