دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە ناوچەی دۆرەی بەغدا بیستران
چەند کاتژمێرێک بەر لە ئێستا، دەنگی تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لە ناوچەی دۆرە بیسران، کە لە کۆگایەکی قووڵی ژێرزەمینیی لیوای عاشوراوی سەر بە حەشدی شەعبییەوە سەرچاوەی گرتبوو، لە کاتێکدا هێزە ئەمنییەکان هیچ ئامارێکی فەرمییان لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکان رانەگەیاندووە.
درەنگانی شەوی پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کەناڵی کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، لە ناوچەی دۆرەی شاری بەغدا، چەند کاتژمێرێک بەر لە ئێستا، دەنگی چەندین تەقینەوە لە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی چەکدارانی حەشدی شەعبی، کە بە "لیوای عاشورا" ناسراوە، بیستراون.
بە گوێرەی زانیارییە ئەمنییەکان، کۆگاکە چەندین مەتر لە ژێر زەویدا دروست کراوە و بڕێکی زۆر لە چەکی مامناوەند و قورسی تێدا بووە، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە ناو کۆگاکەوە بیستراوە و دانیشتووانی ناوچەکەی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکوو ئەم ساتە هۆکاری روودانی تەقینەوەکان بە تەواوەتی نادیارە و یەکلا نەبووەتەوە کە ئایا بەهۆی هێرش و بۆردومان بووە، یان لە ئەنجامی کێشەیەکی تەکنیکی و کەمتەرخەمی لە شێوازی هەڵگرتنی تەقەمەنییەکاندا روویداوە.
هەروەها دەزگا و لایەنە ئەمنییەکانی عێراق دەستبەجێ رێکاری ئەمنییان لە دەوروبەری شوێنی رووداوەکە گرتووەتەبەر؛ بەڵام تا ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان لە بارەی هۆکارەکان نەداوە و ئاماری زیانە گیانی و ماددییەکانیشیان بۆ رای گشتی نەخستووەتەڕوو.