لە زاخۆ 60%ـی ماڵەکان حاویەی زبڵیان نییە

رۆژانە پێش ئەوەی هاووڵاتییان لە خەو راببن، تیمەکانی پاککەرەوە لە شەقام و کۆڵانەکانی زاخۆ دەستبەکار دەبن بۆ ئەوەی سیمایەکی جوان و پاک بە شارەکە ببەخشن، بەڵام نەبوونی حاویەی پێویست لە بەردەم ماڵ و دووکانەکان و فڕێدانی هەڕەمەکیی زبڵوخاشاک، ئەرکی ئەم کرێکارانەی لە پێناو ژینگەیەکی تەندروستدا دوو هێندە قورس کردووە.

کرێکارانی پاککەرەوە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هەموو بەیانییەک لە کاتژمێر 06:00ـی بەرەبەیانەوە لە دوو ئێشکگریدا دەست بە راماڵین و پاککردنەوەی شەقام و شوێنە گشتییەکان دەکەن و تاوەکو کاتژمێر 02:00ـی دوای نیوەڕۆ بەردەوام دەبن. سەرەڕای ئەم ماندووبوونە بەردەوامە، کەمتەرخەمیی بەشێک لە هاووڵاتییان و نەبوونی حاویەی زبڵ دەبێتە هۆی ئەوەی کەمێک دوای پاککردنەوە، جارێکی دیکە شەقامەکان بە پاشماوە دابپۆشرێنەوە.

یەکێک لە کرێکارانی پاککەرەوە بە کوردستان24ـی گوت "ئێمە کاتژمێر شەشی بەیانی دەست بە کار دەکەین تاوەکو دووی پاشنیوەڕۆ. بەردەوام بەسەر شەقامەکانەوەین؛ هێشتا خەڵک لە خەو هەڵنەستاون شارەکەمان بە تەواوی پاک کردووەتەوە، بەڵام داوا لە هاووڵاتییان دەکەین هاوکارمان بن و زبڵەکانیان لە شوێنی گونجاودا دابنێن، نەک لەسەر شەقام و کۆڵانەکان بیڕێژن."

کرێکارێکی دیکەش ئاماژەی بە سەختیی کارەکەیان کرد و داوای لە هاووڵاتییان کرد بە چاوی هاوسۆزییەوە سەیری ماندووبوونیان بکەن و گوتی "ئێمە لە گەرما و سەرمادا، تەنانەت لە ڕۆژانی پشوو، نەورۆز و جەژنەکانیشدا لە سەر شەقامەکانین و کار دەکەین. داواکارین خەڵک هاوکارمان بن، لە بەیانیی زووەوە لەبەر تیشکی خۆردا هەوڵ دەدەین، کاتێک کەسێک زبڵێک فڕێ دەدات ناچارین بۆ هەڵگرتنەوەی بچەمێینەوە."

لەلایەکی دیکەوە، بەپێی بەدواداچوونی کوردستان24 و ئامارەکانی کۆمپانیای تایبەتمەند بە پاککردنەوەی زاخۆ، بەشێکی زۆری شوێنەکان بێ حاویەن. لەوبارەیەوە جومعە یوسف نوێنەری کۆمپانیای پاککەرەوە بە کوردستان24ـی  رایگەیاند "نزیکەی لە 60%ی ماڵەکان و 40%ی شوێنە بازرگانییەکان حاویەی تایبەت بە زبڵیان نییە. ئێمە وەک کۆمپانیا بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە 25 هەزار حاویەمان دابین کردووە و بە نرخێکی کەم و داشکێنراو (تەنیا بە 10 هەزار دینار) دەیدەینە هاووڵاتییان تا هەموو ماڵێک حاویەی هەبێت و زبڵ لەسەر شەقامەکان کۆنەبێتەوە."

پاراستنی پاکوخاوێنیی ژینگە ئەرکێکی ئەخلاقی، ئایینی و مرۆییە و وەک چۆن لە فەرموودەی پێغەمبەریشدا (د.خ) هاتووە: «پاکوخاوێنی بەشێکە لە باوەڕ»، فڕێدانی هەر پاشماوە و بوتڵێک لەسەر شەقامەکان بەبێ هۆکار، دەبێتە هۆی چەمانەوە و ماندووبوونی زیاتری کرێکارێک، بۆیە هاوکاریکردنی کارمەندانی ژینگەپارێزی ئەرکی هەموو تاکێکی کۆمەڵگەیە.