کالیفۆرنیا جەژنی رمەزان و قوربانی وەک پشووی فەرمی ناساند
گافن نیوزۆم، پارێزگاری ویلایەتی کالیفۆرنیا پڕۆژەیاسایەکی ئیمزا کرد و بە فەرمی جەژنی رمەزان و جەژنی قوربان وەک پشووی فەرمی لە سەرانسەری ویلایەتەکەدا دەناسرێن. بەم هەنگاوەش کالیفۆرنیا دەبێتە دووەم ویلایەتی ئەمریکا دوای ویلایەتی واشنتن کە بڕیارێکی لەو شێوەیە دەربکات، ئەمەش هاوكات دەنگۆ و رەخنەی سیاسیی لەلایەن کۆمارییەکانەوە لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست"، پڕۆژەیاسای (AB 2017) جەژنی رمەزان و جەژنی قوربان دەخاتە ریزبەندی پشووە فەرمییەکانەوە، کە رێگە بە قوتابخانە گشتییەکان و زانکۆکان دەدات لەو رۆژانەدا دەوام رابگرن، هاوکات ماف بە فەرمانبەرانی ویلایەتەکە دەدات بەشداری لە خۆشییەکانی جەژندا بکەن. بەڵام یاساکە قوتابخانەکان و کۆمپانیاکان پابەند ناکات بە داخستنی زۆرەملێ، هەروەها دادگاکانیش بەردەوام دەبن لە کارەکانیان.
بڵاوبوونەوەی ئەم بڕیارە دروستبوونی ناڕەزایەتی و رەخنەی لەناو بازنەی کۆمارییەکاندا لێکەوتەوە، چونکە پارێزگار نیوزۆم پڕۆژەیاسای جەژنە ئیسلامییەکانی رۆژی یەکشەممە ئیمزا کرد، لە کاتێکدا پڕۆژەیاساکانی تایبەت بە جەژنی جووەکانی وەک (رۆش هاشناه) و (یۆم کیپۆر) تا رۆژی چوارشەممە هێشتبووەوە. لەو چوارچێوەیەدا، ئۆپۆزسیۆنی کۆماری تۆمەتباریان کرد بەوەی جیاکاری کردووە و لەسەر حسابی بۆنە ئایینییەکانی دیکە ئیسلامییەکانی پێشخستووە.
ئێلیزابێت بارکۆهانا، بەرپرسی بەشداریی جووەکان لە حزبی کۆماری لە کالیفۆرنیا راگەیاند: "ئەم بڕیارەی نیوزۆم لەپێناو بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیەتی و ئامانجی دروستکردنی بنگەیەکە بۆ خۆکاندیدکردنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2028."
لە بەرامبەردا دەیڤد بۆکارسلی، سەرۆکی جێبەجێکاری رێکخراوی "جۆی کالیفۆرنیا" سەرقاڵبوونی بە کاتی ئیمزاکردنی بڕیارەکان بە ناپێویست زانی و پشتیوانیی خۆی بۆ هەنگاوەکەی پارێزگار دەربڕی.
بۆکارسلی بۆ تۆڕی "فۆکس نیوز" ئاماژەی بەوە کرد: "لە کاتێکدا زیاتر لە 1000 پڕۆژەیاسا لەسەر مێزی پارێزگار بوون، ریزبەندیی ئیمزاکردنەکە جێی نیگەرانیی ئێمە نییە مادام یاساکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئێمە دڵخۆشین بە پەسەندکردنی ئەم دوو یاسایە کە خزمەت بە ئازادیی بیروباوەڕ دەکەن و بۆ یەکەمجارە سێ جەژنی جووەکان لە یاساکانی کالیفۆرنیادا بە فەرمی دەناسرێن."