توێژینەوەیەک: خواردنی شەکر لە دوو ساڵی یەکەمی تەمەندا کاریگەری دەروونی دەبێت

توێژینەوەیەکی نوێی زانستی ئاشکرای کردووە کە خواردنی شەکر لە ماوەی 1000 رۆژی یەکەمی تەمەندا، واتە لە سەردەمی دووگیانیی دایکەوە تاوەکو تەمەنی دوو ساڵی، مەترسیی تووشبوون بە تێکچوونەکانی دڵەڕاوکێ لە تەمەنی گەورەسڵیدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر دەکات.

توێژینەوەکە لە گۆڤاری زانستیی "Translational Psychiatry" بڵاوکراوەتەوە. توێژەران بۆ شیکارییەکانیان پشتیان بە زانیارییەکانی بانکی زیندووی بەریتانی بەستووە، کە زانیارییەکانی 45 هەزار کەسی لەخۆگرتبوو و لە نێوان ساڵانی 1951 تا 1956 لەدایکبوون؛ لەو سەردەمەدا بەریتانیا یاسای بەشەخۆراکی توندی بۆ شەکر پەیڕەو دەکرد دوای جەنگی جیهانیی دووەم، پێش ئەوەی بەپێی کات یاساکە هەڵبگیرێت.

ئەم یاسایە دۆخێکی دەگمەنی بۆ توێژەران رەخساند تا بەراوردی ئەو کەسانە بڕیار بدەن کە لە قۆناخی کۆرپەلەیی و ساڵانی یەکەمی تەمەنیاندا پارێزراوبوون لە زۆر خواردنی شەکر.  نۆفار گیڤمان، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە، رایگەیاند، ئەم نموونەیە لە توێژینەوە زانستییەکاندا بێوێنەیە، چونکە لە جیهانی هاوچەرخدا  مەحاڵە هەزاران کەس بپشکنرێن کە لە سەرەتای تەمەنیاندا بە شێوەیەکی توند شەکریان لێ قەدەخە کرابێت.

ئەنجامەکانی توێژینەوەکە دەریانخستووە ئەو کەسانەی تا تەمەنی دوو ساڵی بەبێ خواردنی شەکر گەورە بوون، لە تەمەنی گەورەسڵیدا زۆر کەمتر تووشی دڵەڕاوکێ بوونەتەوە، بە تایبەتی لە ناو ئافرەتاندا. هەروەها پشکنینی پۆلاریدی مێشک (MRI) دەریخست کە خواردنی شەکر لە قۆناخی پێشوەختەی تەمەندا قەبارەی ماددەی خۆڵەمێشی لە 11 ناوچەی سەرەکی لە کۆی 80 ناوچەی مێشکدا دەگۆڕێت. جگە لەوەش، بەشداربووانی ئەو تاقیکردنەوەیە دوای تێپەڕبوونی چەندین دەیە، حەز و ئارەزووی کەمتریان بۆ خواردنی شیرینی هەبووە.

توێژەرانی ئەم بابەتە پێیانوایە کە سیستمی خۆراکی لە قۆناخە سەرەتاییەکانی تەمەندا دەتوانێت کاریگەرییەکی درێژخایەن لەسەر تەندروستیی دەروونی و رەفتارە خۆراکییەکانی مرۆڤ دروست بکات. بەو هۆیەوە، داوا لە وڵاتان و دامەزراوە تەندروستییەکان دەکەن پێداچوونەوە بە پێوەرەکانی خۆراکی منداڵاندا بکەن و  بڕی شەکری زیادکراو لەو خۆراکانەدا کەم بکەن کە بۆ منداڵانی تەمەن بچووک بەرهەم دەهێنرێن.