هەورەبرووسکە لە دوو شوێنی خورماتوو لە دوو مێردمنداڵی داوە و گیانیان لەدەستدا

بەهۆی شەپۆلێکی بارانبارین و ناجێگیریی کەشوهەوا، لە دوو رووداوی جیادا لە سنووری قەزای خورماتوو، هەورەبرووسکە لە دوو مێردمنداڵ دەدات و دەستبەجێ گیان لەدەستدەدەن.

هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، هاروون رەشید، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی خورماتوو بە کوردستان24ی راگەیاند، بەهۆی کەشوهەوای نالەباری ناوچەکەوە، هەورەبرووسکە لە سنووری گوندی ئاخجەمەشەت لە دەڤەری داودەی سەر بە قەزای خورماتوو، لە منداڵێکی شوانکاری تەمەن هەشت ساڵانی داوە و دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەکە گیانی سپاردووە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوەش کرد، هاوکات لەگەڵ ئەو ڕووداوەدا، لە گوندی بوسەباحی سەر بە هەمان قەزا، هەورەبرووسکە لە مێردمنداڵێکی دیکەی تەمەن 15 ساڵانی داوە و ئەویش بەهۆی سەختیی بەرکەوتنەکەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

لەبارەی رێکارەکانیشەوە، بەرپرسی نەخۆشخانەی خورماتوو روونی کردەوە کە تەرمی هەردوو قوربانییەکە گەیەندراونەتە بەشی دادپزیشکیی نەخۆشخانە، و دوای ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی و ئامادەکردنی راپۆرتی پێویست، رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان و کەسوکاریان کراونەتەوە.

هەروەها هەر ئەمڕۆ هەینی ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستیی چۆمان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند بەهۆی کەوتنەوەی هەورەبرووسکە لە ماڵێکی گوندی دێڵزیان لە سنووری باڵەکایەتی، ژنێک لە هۆش خۆی دەچێت و دەگەیەنرێتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانە.