هەنگەوانێکی ئاکرێ خۆراکی شاژن بەرهەمدەهێنێت
هەنگەوانێکی دەڤەری ئاکرێ لە پاڵ هەنگوینی سروشتی، ماوەی چەند ساڵێکە دەستی داوەتە بەرهەمهێنانی خۆراکی شاژن کە بە یەکێک لە دەگمەنترین و بەنرخترین بەرهەمەکانی هەنگ دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان؛ ئەم بەرهەمە سوودی تەندروستیی بێشوماری هەیە و بەهای یەک کیلۆگرامی دەگاتە 10 ملیۆن دینار.
عەبدولجەبار سەعدی، دانیشتووی گوندی گوندکی سەر بە قەزای ئاکرێ، کە لە ساڵی 1998ـەوە سەرقاڵی پیشەی هەنگەوانییە، لە ساڵی 2015ـەوە هەنگاوێکی جیاوازی ناوە و دەستی بە بەرهەمهێنانی شیلەی خۆراکی شاژن (غذاء الملکات) کردووە، پێویستی بە شارەزایی و وردەکارییەکی زۆر هەیە.
ئەم هەنگەوانە ئاماژە بەوە دەکات، خۆراکی شاژن هەموو ساڵێک بەردەست نابێت و بەرهەمهێنانی بەستراوەتەوە بە لەباریی کەشوهەوا و سروشتی ناوچەکەوە، بەڵام ئەمساڵ وەرزی پێگەیشتنی باش بووە و توانیویەتی بڕێکی باشی لێ کۆبکاتەوە. بەهۆی قورسیی دەرهێنانی و سوودە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ بەهێزکردنی بەرگریی لەش و چارەسەری نەخۆشییەکان، گرامێکی بە 10 هەزار دینار دەفرۆشرێت و بەهای یەک کیلۆگرامی دەگاتە 10 ملیۆن دیناری عێراقی.
سەبارەت بە شێوازی بەکارهێنانی، عەبدولجەبار روونی دەکاتەوە ئەم ماددەیە ناکرێت بە تەنیا بخورێت، بەڵکو دەبێت بە رێژەیەکی دیاریکراو لەگەڵ هەنگوینی سروشتیدا تێکەڵ بکرێت و لە شوێنی سارددا هەڵبگیرێت؛ بۆ نموونە 6 گرام لە خۆراکی شاژن لەگەڵ 125 گرام هەنگویندا تێکەڵ دەکرێت.
بەپێی رێنمایی ئەو هەنگەوانە، چارەسەرەکە بۆ ماوەی 21 رۆژ لەسەر یەک و بەیانیان لەسەر گەدەی بەتاڵ دەخورێت، و پێویستە کەسی نەخۆش تاوەکو سێ کاتژمێر دوای خواردنی هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەک نەخوات بۆ ئەوەی لەش بە تەواوی سوود لە ماددە خۆراکی و پێکهاتە دەرمانییەکانی وەربگرێت.