سبەی لیستی مووچەی مانگی 9 رادەستی بەغدا دەکرێت
ئەمڕۆ شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی لیستی نوێی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە هەفتەی رابردوودا ئامادەکرابوو، بەڵام بەهۆی پشووی فەرمیی چوارشەممە و پێنجشەممە، نەتوانرا لیستەکە رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت.
ئاماژەی بەوەش دا، بڕیارە سبەی یەکشەممە، لیستی مووچەی مانگی 9 و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 8 رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت. گوتیشی، دوای رادەستکردنی لیستەکە، وەزارەتی دارایی عێراق راستەوخۆ دەست بە وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات. پێشبینی دەکرێت پرۆسەی وردبینیکردنەکە لە ماوەی چەند رۆژێکدا کۆتایی بێت.
پەیامنیری کوردستان24 لە بەغدا روونیشیکردەوە، پرۆسەی تەمویلکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ وەزارەتەکانی عێراق بەهۆی پشووەکانەوە راوەستابوو، بەڵام پێش دەستپێکردنی پشوو، بەشێکی زۆری وەزارەتەکانی عێراق مووچەکانیان وەرگرتبوو.
دەشڵێت، بەراورد بە مانگی رابردوو، عێراق لەم مانگەدا کێشەی نەختینەی کەمترە و پارەی پێویستی لەبەردەستدایە، بەهۆی ئەوەی ئەم مانگە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە لە عێراق زووتر دەستی پێ کردووە، چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی وردبینییەکان، راستەوخۆ تەمویلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.
لە رۆژی دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 831 ملیار و 666 ملیۆن دینار وەک پارەی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.