رێژەی لە دایکبوونی منداڵان لە ئیلام 52% کەمبووەتەوە

توێژینەوەیەکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئیلام دەریدەخات لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، رێژەی لەدایکبوونی منداڵان لە ئیلام 52% کەمیکردووە و گەشەی دانیشتووانی پارێزگاکەش بە رێژەی 0.91 دابەزیوە. بە گوتەی بەرپرسانی زانکۆکە، گرانی و قەیرانی دارایی سەرەکیترین فاکتەرەکانی ئەم دۆخەن.

بە گوێرەی ئەو راپرسی و توێژینەوەیەی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئیلام کردوویەتی، کۆی لەدایکبووان لە ساڵی 2025 دا 5,907 منداڵ بووە، ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2015 دا ژمارەکە 11,400 منداڵ بووە. ئەم دابەزینە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر گەشەی دانیشتووانی پارێزگاکە داناوە و رێژەکەی لە 1.38ـەوە بۆ 0.47 دابەزاندووە، ئەم دۆخەش بەرپرسانی خۆجێیی هانداوە بەدوای رێکار و چارەسەری بەپەلەدا بگەڕێن.

جەمیل سادقیفەڕ، جێگری سەرۆکی بەشی توێژینەوە و تەکنەلۆجیای زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئیلام رایگەیاند، کەمبوونەوەی گەشەی دانیشتووان و ژمارەی لەدایکبووان مەترسییەکی جددییە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا رووبەڕووی ئیلام بووەتەوە و پێویستە بەوپەڕی جددیەتەوە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت.

سادقیفەڕ ئەم ئامارانە بە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر گۆڕانکاریی دیمۆگرافی دەزانێت. ئەو هۆشداری دەدات کە ئەم دۆخە لێکەوتەی خراپی کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابووریی لێدەکەوێتەوە و جەختدەکاتەوە دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەبارەی پرۆسەی هاوسەرگیری و پێکهاتنی خێزان بکرێت.

بە گوتەی سادقیفەڕ، تێکڕای تەمەنی هاوسەرگیری لەنێوان پیاوانی ئیلامدا گەیشتووەتە 31.6 ساڵ و لەنێو ئافرەتانیشدا 26.9 ساڵە، کە ئەمەش سێ بۆ چوار ساڵ لە تێکڕای نیشتمانی زیاترە. ئەو دەڵێت: هەڵکشانی تەمەن لە کاتی هاوسەرگیریدا ماوەی نێوان پێکهێنانی خێزان و وەچەخستنەوە کورت دەکاتەوە و ئەمەش هۆکارێکە بۆ دابەزینی ئامارەکانی لەدایکبوون.

لەلایەکی دیکەوە، توێژینەوەکە دەریخستووە کە گرفتی ئابووری لە پلەی یەکەم و دواتر راڕایی لە هەڵبژاردنی هاوسەر و کاڵبوونەوەی نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، هۆکاری سەرەکیی ئافرەتانن بۆ دواخستنی هاوسەرگیری.

پیاوانی بەشداربوو لە توێژینەوەکەدا، بەرزیی تێچووی ژیانی خێزانداری و مارەیی و پێداویستییەکانی نێوماڵیان بە هۆکاری سەرەکیی دواخستنی هاوسەرگیری وەسفکردووە. هاوکات نیگەرانی لە ئاسایشی ئابووریی داهاتوو و خەرجییەکانی دوای لەدایکبوونی منداڵ، وایکردووە بەشێکی زۆری پیاوان کەمتر بە دەم پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە بچن، یان ئەوانەی خێزان پێکدەهێنن، بە پلانێکی کەمتر بیر لە خستنەوەی منداڵ بکەنەوە.