بەرگریی شارستانیی رانیە: ئاگرەکەی لەنگە کۆنترۆڵ کرا و زیانی گیانی نەبووە
"بازاڕی لەنگە مەرجەکانی سەلامەتیی تێدا نییە"
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی رانیە رایگەیاند، تیمەکانیان توانیویانە لە کاتێکی گونجاودا ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەی شارەکە بە تەواوەتی کۆنترۆڵ بکەن و رێگری لە تەشەنەسەندنی بۆ تەواوی بازاڕەکە بگرن. ئاگرەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و تەنیا 6 بۆ 7 دوکان سووتاون.
شەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، حوسێن عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی رانیە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شوێنی رووداوەکە، ئاشکرای کرد، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە کەوتنەوەی ئاگر لە بازاڕی لەنگەی رانیە، دەستبەجێ سەرجەم تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتوونەتە شوێنەکە و توانیویانە لە ماوەیەکی کەمدا بڵێسەی ئاگرەکە دابمرکێننەوە و کۆنترۆڵی بکەن.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی روونی کردەوە کە بەهۆی ئەوەی رووداوەکە لە شەودا بووە و بازاڕ چۆڵ بووە، سوپاس بۆ خودا هیچ زیانێکی گیانی لەنێو هاووڵاتییان یان کارمەندانی بەرگریی شارستانیدا تۆمار نەکراوە، تەنیا زیانی ماددی بەر 6 بۆ 7 دوکان کەوتووە و تەواوی دوکانەکانی دیکەی بازاڕەکە لە سووتان رزگار کراون.
سەبارەت بە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، حوسێن عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، تا ئێستا هۆکارەکەی بە نادیاری ماوەتەوە، بڕیاریشە بەیانی تیمێکی تایبەتمەند پێکبهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی دروستبوونی ئاگرەکە و خەمڵاندنی قەبارەی زیانە ماددییەکان.
هاوکات نیگەرانیی خۆی لە نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی دەربڕی و جەختی کردەوە: پێشتریش ئیدارەی شارەکەمان ئاگادار کردووەتەوە کە بازاڕی لەنگەی رانیە بە هیچ شێوەیەک مەرجەکانی سەلامەتی و بەرگریی شارستانیی تێدا نییە و وەک مەترسییەکی بەردەوام دەمێنێتەوە بۆ کەوتنەوەی رووداوی لەو شێوەیە.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی رانیە داوای لە هاووڵاتییان کرد لە کاتی رووداودا قەرەباڵخی دروست نەکەن تا ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە دروست نەبێت، ئاشکراشی کرد بۆ دڵنیابوون لە دووبارە دانەگیرسانەوەی ئاگرەکە، دوو تیمیان لە شوێنی رووداوەکە وەک چاوەڕوانکراو هێشتووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی راگەیاند: بەهۆی ئاگرەکەی ئەمشەوی بازاڕی لەنگەی رانیە، 13 کەس بەهۆی تەنگەنەفەسییەوە داخڵی نەخۆشخانە کراون.