بەرپرسێکی سایلۆی سەڵاحەددین دەستگیر کرا

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا یاریدەدەری بەڕێوەبەری کۆگای دانەوێڵەی ئیسحاقی لە پارێزگای سەڵاحەددین دەستگیرکرا. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی دەستپاکی فیدراڵ لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، تیمێکی لێکۆڵەرانی نووسینگەی دەستپاکی لە سەڵاحەددین، پاش وەرگرتنی زانیاری لە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی پارێزگاکە، یاریدەدەری بەڕێوەبەری کۆگای دانەوێڵەی ئیسحاقییان دەستگیرکرد، ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکە جووتیارانی ناچارکردووە بەرتیلی پێ بدەن، ئەمەش وەک مەرجێک بۆ وەرگرتن و ساخکردنەوەی بەرهەمی گەنمی جووتیاران لەو کۆگایەدا.

دەستەی دەستپاکی روونیکردەوە، تۆمەتبارەکە دەستکاریی جۆرەکانی گەنمی کردووە و گەنمی کوالێتی نزم و تێکەڵ بە خاشاکی وەرگرتووە. تۆمەتبارەکە لەبەردەم لێکۆڵەران دانی بەوەداناوە کە پارەی وەرگرتووە و لەگەڵ ژمارەیەک جووتیار رێککەوتووە بۆ ساخکردنەوەی چەند بارهەڵگرێک گەنم و گۆڕینی پلەبەندیی جۆرەکانیان، ئەوەش لە بەرامبەر وەرگرتنی بڕە پارەیەکدا.

دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی سەڵاحەددین تایبەت بە کەیسەکانی دەستپاکی، بەپێی مادەی 307ـی یاسای سزادان، بڕیاری بەندکردنی بۆ تۆمەتبارەکە دەرکردووە و رێکارە یاساییەکان بەرامبەری بەردەوامن.