دەم پارتی: بڕیارەکانی تورکیا بەرانبەر ئامەد سپۆر رەگەزپەرستانەن
هاوسەرۆکی دەم پارتی رەخنەی توند لە سزادانی یانەی ئامەد سپۆر دەگرێت و پێیوایە بڕیارەکانی تورکیا بەرانبەر یانەکە رەگەزپەرستانەن.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە دیدارێکدا رەخنەی توندی لە بەڕێوەبردنی کەرتی وەرزش و رەفتارە رەگەزپەرستانەکانی تورکیا بەرانبەر یانەی ئامەد سپۆر گرت.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا و دەستەی ناوبژیوانان لەلایەن کەسانی بێتواناوە بەڕێوەدەبرێن، هەروەها جەختی لەوە کردەوە، تا دیموکراسی بەدی نەهێنرێت تۆپی پێی پاک نایەتە ئاراوە.
هاوکات رەخنەی لە بێدەنگیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرانبەر ئەو هەڕەشە و جیاکارییانەدا کرد کە لە یاریگاکاندا بەرانبەر یانەی ئامەدسپۆر دەکرێن و پرسیاری ئەوەی کرد، بۆچی دەبێت بەردەوام یانەیەکی کوردی تووشی دژایەتیکردن بێتەوە؟
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تونجەر باکرهان رەخنەی لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی تورکیا گرت، بەهۆی ئەوەی رێگە بە بەشداریی ئەو یاریزانە کوردانە نادات، ئەوانەی لە ئاستی ئەوروپادا درەوشاونەتەوە، ئەویش تەنیا لەبەر شوناسی کوردییان.
لێدوانەکانی هاوسەرۆکی دەم پارتی دوای ئەوە دێن، لیژنەی رێککاری لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بە پاساوی بەرزکردنەوەی دروشمی سیاسی لە کاتی یارییەکاندا، بڕی زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار لیرەی تورکی سزای بەسەر یانەی ئامەد سپۆردا سەپاند. ئەم بڕیارەش ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە، لەلایەن بەرپرسان و پەرلەمانتارانی باکووری کوردستان وەک بەردەوامیی سیاسەتی جیاکاری و نادادپەروەری بەرانبەر بەم یانەیە لێکدرایەوە.
یانەی ئامەد سپۆر نوێنەرایەتیی شاری ئامەد لە باکووری کوردستان دەکات و یەکێکە لەو یانە وەرزشییانەی لە مێژووی خۆیدا زۆرترین سزای لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیاوە بەسەردا سەپێنراوە.
بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، سزاکانی ئەم دواییەی فیدراسیۆنەکە بۆ سەر یانەکە تەنیا پەیوەست نەبووە بە گوتنەوەی دروشمەوە، بەڵکوو پێشتریش بە بیانووی هەبوونی نووسین و دروشمی کوردی لەسەر درێسی یاریزانەکان، سزای دارایی توندیان بەسەردا سەپێنراوە. هەروەها بۆ چەندین ساڵ هاندەرەکانیان لە ئامادەبوون لە یاریگاکانی دەرەوەی یاریگای خۆیان قەدەخە کرابوون.
ئامەد سپۆر لە وەرزی رابردوودا توانی سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەست بهێنێت و بگاتە خولی پلە یەکی تورکیا، بەڵام هێشتا رووبەڕووی رەفتاری رەگەزپەرستانەی بەشێک لە یانەکان و فشاری بەردەوامی دەسەڵاتدارانی وەرزشی تورکیا دەبێتەوە، ئەمەش وایکردووە چالاکوانان و سیاسەتمەدارانی کورد ئەم هەنگاوانە وەک جیاکارییەکی ئاشکرا پێناسە بکەن.