یەکەم فڕۆکەی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی نەجەف نیشتەوە

گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئێران و عێراق دەستیانپێکردەوە

لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان بەغدا و تاران بۆ رێگەپێدان بە ئەنجامدانی تاوەکوو 40 گەشتی ئاسمانیی رۆژانە بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف، یەکەم فڕۆکەی ئێران لەو فڕۆکەخانەیە نیشتەوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆمپانیای "ماهان ئێیر" بەهۆی سزاکانەوە لەم ئاسانکارییە بەدەر کراوە 

ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، یەکەمین فڕۆکەی هێڵێکی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف نیشتەوە،  ئەمەش پاش دەستپێکردنەوەی فەرمیی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئێران لە دوای بەدەستهێنانی بەخشینی فەرمی لەو سزایانەی کە لە لایەن ئەمریکاوە بەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێراندا سەپێنرابوون.

پێشتر حکوومەتی عێراق گەیشتن بە رێککەوتنێکی فەرمیی راگەیاندبوو، کە بەپێی بەندەکانی، رێگە بە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران دەدرێت رۆژانە تاوەکوو 40 گەشتی ئاسمانی بۆ چوون و هاتن لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەفەوە ئەنجام بدەن، بە مەرجێک کۆمپانیای "ماهان ئێر" لەم بڕیارە بەدەر بێت و گەشتەکانی بۆ عێراق بە هەڵپەسێردراوی بمێننەوە.

لای خۆیەوە مستەفا کەبە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف، لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی رایگەیاند: پاش زیاتر لە نۆ ڕۆژ لە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان، ئەمڕۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف بە فەرمی پێشوازی لە یەکەمین فڕۆکەی نەفەرهەڵگری کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، کە سەر بە هێڵی ئاسمانیی "کاسپیان" بوو و لە تارانەوە زیاتر لە 150 گەشتیاری گەیاندە عێراق.

ئەم پێشهاتە لە چوارچێوەی بڕیارێکی پێشوەختەی ئیدارەی فڕۆکەخانەی نەجەفدا دێت، کە تێیدا راگەیەندرا بوو لە قۆناخی یەکەمی ئاساییبوونەوەی جووڵەی فڕۆکەوانیدا، لە یەکشەممەوە لە رێگەی سێ گەشتی ئێوارانەوە پێشوازی لە فڕۆکەکان و گەشتیارانی ئێران دەکرێت.

دەستپێکردنەوەی ئەم گەشتە ئاسمانییانە لە دوای راگرتنیان هات بۆ ماوەی چەندین رۆژ، کە لە کاردانەوەی سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر کەرتی گواستنەوەی ئاسمانیی ئێراندا رووی دابوو؛ ئەم راگرتنەش کێشەی بۆ هاتوچۆی زیارەتکاران و گەشتیاران لە نێوان هەردوو وڵاتدا دروست کردبوو.