کارکردن لە پڕۆژەی کۆرنیشی هەولێر بەردەوامە

کارکردن لە پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان، کە بە کۆڕنیشی هەولێر ناسراوە، بەردەوامە. ئەو کارکردنە تەنیا لە کاتەکانی رۆژدا نییە، بەڵکو تیمەکان لە شەوان و درەنگانی شەویشدا بە شێوەیەکی چڕ خەریکی جێبەجێکردنی کارەکانیانن.

دانیشتوویەکی هەولێر لە گرتە ڤیدیۆییەکدا بۆ کوردستان24ـی دەڵێت؛ کاتێک لە نزیکەوە سەیرم کرد، بینیم لەو کاتەی شەودا کارکردن لە پڕۆژەی رێڕەوی ژیان بەردەوامە و ژمارەیەکی زۆر کرێکار و ئەندازیار سەرقاڵی جێبەجێکردنی کارەکانیانن.

کۆڕنیشی هەولێر پڕۆژەیەکی گرنگە کە بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری جێبەجێکردنی دراوە. ئامانج لێی گۆڕینی ئەو ناوچەیە بۆ شوێنێکی گەشتیاری و ژینگەیی لە هەولێر.

پڕۆژەکە رێڕەوێکی ئاوییە و درێژییەکەی لە شەقامی شۆڕشەوە دەست پێدەکات تا شەقامی کەرکووک. کۆڕنیشی هەولێر دەکەوێتە بەشی رۆژهەڵاتی شارەکە و بە تەنیشت چەندین گەڕەکدا تێپەڕ دەبێت، لەوانە 5ـی حەسارۆک، گەلاوێژ، فەرمانبەران و چەند گەڕەکێکی دیکە. هاوکات ئەرکێکی دیکەی بریتییە لە دەرکردنی ئاوی باراناو بۆ دەرەوەی شار.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە 5ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بەردی بناخەی پڕۆژەی رێڕەوی ژیانی لەسەر کۆڕنیشی هەولێر دانا. پڕۆژەکە لە سێ دەریاچە پێکدێت و بە دەوری هەولێردا دەسوڕێتەوە. دیزاینی پڕۆژەکە لەلایەن ئەندازیارانی ناوخۆیی و راوێژکارانی ئیتاڵییەوە داڕێژراوە و پێشبینی دەکرێت سیمایەکی جوان بە هەولێر ببەخشێت و شارەکە بەرەو قۆناخێکی نوێی خزمەتگوزاری ببات.

پانی رێڕەوی پڕۆژەکە نزیکەی 15 بۆ 25 مەترە و قووڵییەکەشی پێنج مەترە. ئاوی پڕۆژەکەش بە دوو ڕێڕەو دابەش دەکرێت و بە شێوەیەکی بازنەیی دەوری شارەکە دەگرێتەوە.