کەشناسی: هەورەبروسکە و رەشەبا بەڕێوەیە
بەگوێرەی پێشبینییەکانی 48 کاتژمێری داهاتوو، هەور و بارانی پچڕپچڕ هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، هەروەها لە هەندێک ناوچە تا چوار پلەی سیلیزی گەرما دادەزێت و رەشەبایەکیش باشووری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، کە خێراییەکەی دەگاتە سەرووی 50 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
بەشی کەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ ئەمڕۆ دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواودا دەبێت، هاوکات لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێمی کوردستان ئەگەری تاوە باران هەیە.
لەبارەی کەشی پێشبینیکراوی سبەی سێشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، کەشناسی رایگەیاندووە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و کەشوهەوا ناجێگیر دەبێت، هاوکات نمەباران بەشێوەیەکی پچڕپچڕ و مامناوەند، هەندێ کات هەورە بروسکەشی لەگەڵدا دەبێت، سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆک دەبارێت پاشان کاریگەرییەکان ناوچەکانی سنووری پارێزگای هەولێر درێژ دەبێتەوە، دواتر بۆ کاتەکانی شەو کاریگەرییەکان کەم دەبێتەوە و لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە لاوازی دەمێنێتەوە .
هەروەها پلەکانی گەرما تا دوو پلەی سیلیزی بەراورد بە پلەکانی ئەمڕۆ دادەبەزێت و لەکاتەکانی دوای نیوەڕۆی سبەی سێشەممە تا ئێوارە بەهۆی نزمە پەستانێکی باشووری عێراقەوە رەشەبایەک باشووری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، پێشبینیدەکرێت خێراییەکەی بگاتە سەرووی 50 کیلۆ مەتر لە کاتژمێرێکدا.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ 48 کاتژمیری داهاتوو:
| شارەکان | پلەکانی گەرما - دووشەممە 05/10/2026 | پلەکانی گەرما - سێشەممە 06/10/2026 |
| هەولێر | 31 | 28 |
| پیرمام | 27 | 26 |
| سلێمانی | 27 | 25 |
| هەڵەبجە | 31 | 32 |
| چەمچەماڵ | 32 | 28 |
| دهۆک | 29 | 28 |
| زاخۆ | 30 | 28 |
| ئاکرێ | 29 | 26 |
| گەرمیان | 34 | 34 |
| سۆران | 28 | 26 |
| حاجی ئۆمەران | 21 | 19 |