بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بەرۆکی مێردمنداڵان و قوتابخانەکانی پاوەی گرتووە
چاندنی خاشخاش و بەربڵاوی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان هەڕەشە لە پاوە دەکەن
پاوەی سنووری پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی بەربڵاوی ماددە هۆشبەرەکانەوە، خەریکە ناسناوی "پاکترین شار" لە دەست دەدات، بە گوتەی بەرپرسان، لە چەند ناوچەیەک خاشخاش چاندراوە و بەمەش شارەکە بە دانیشتووانەوە لەبەردەم هەڕەشەگەلێکدایە و بە رێکارە ئەمنییەکانیش کۆنترۆڵ ناکرێت، بەوپێیە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان چووەتە نێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و قوتابخانە و مێردمنداڵانیشی گرتووەتەوە.
ئاژانسی ئێرنا ئەمڕۆ دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرایکردووە، چاندن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، هەر لە بەکارهێنان و مامەڵە و دەستاودەستپێکردنی ماددەی نوێی هۆشبەرەوە تا دابەزینی تەمەنی ئالوودەبوونەوە، گەیشتووەتە ئەوەی خاشخاش لە هەندێک ناوچە بچێندرێت، هەموو ئەوانەش بوونەتە زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان.
مەترسییەکان ئەنجوومەنی هەماهەنگیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی پاوە بە پەلە کۆ کردەوە، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی فەرزاد ئەلماسی، قایمقامی پاوە بەڕێوەچووە، هەرچەندە پرسی ئەگەری چاندنی خاشخاش و تووندکردنی چاودێری بەسەر ناوچە جیاوازەکانی شارۆچکەکەدا لە بەرنامەی کاردا بوو، بەڵام قسەی بەرپرسانی ئامادەبوو دەریخست، کار لەکار ترازاوە چیتر ماددە هۆشبەرەکان لە پاوە تەنیا پرسێکی ئەمنی و یاسایی نییە، بەڵکو کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە و بەکارهێنان و ساخکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان بە نێو ئەندامانی خێزانەکان، قوتابخانە، شوێنی کار و شوێنەکانی وەرزشی بڵاوبووەتەوە.
فەرزاد ئەلماسی هۆشداری لە تەشەنەسەندن و جۆراوجۆربوونی ماددە هۆشبەرەکان داوە و گوتی "بینینی ئەو ماددانەی پێشتر کەمتر ناسراو بوون و هەروەها دابەزینی تەمەنی بەکارهێنەران، زەنگێکی مەترسیداریی جددییە بۆ شارۆچکەکە."
گوتیشی "دۆخەکە گۆڕاوە و بۆ رێگری لە مێردمنداڵان و گەنجان بۆ بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، دەبێت پلانەکان وردتر و ئامانجدارتر بکرێن، چونکە بەکارهێنان لە تەمەنی خوارەوە دەکرێت لێکەوتەی قەرەبوو نەکراوەی هەبێت، هەربۆیە لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان نابێت تەنیا رێکارە ئەمنییەکان تەنیا لە دەستگیرکردندا سنووردار بکرێن، بەڵکو لەپاڵ هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوە، دەبێت بە روانگەیەکی خۆپارێزی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە هۆکارەکان بۆ بەکارهێنەران دەستنیشان بکرێن و پلانیان بۆ دابندرێت چۆن دوور بخرێنەوە."
قایمقامی پاوە ئاشکرایکردووە، مەترسییەکانی ئالوودەبوون بە هۆشبەرەکان، لە تاک و خێزان، بۆ دانیشتووانی گەڕەکی تەواو پەڕیوەتەوە رایگەیاندووە، گەڕەکە مەترسیدارەکان دەبێت بەشێوەیەکی جددیتر چاودێری بکرێن و لە کاتی گونجاودا دەبێت بەرەنگاری ناوەندەکانی کڕین و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان ببنەوە، بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە نەبنە شوێنی کۆبوونەوە و دابەشکردنی ماددە هۆشبەرەکان.
چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی دۆخەکە و رێگەچارەی ریشەیی
یەکێک لەو خاڵانەی ئەلماسی جەختی لەسەر کردووەتەوە، دروستکردنی ناوەندێکی زانیاریی وردە لەسەر دۆخی ئالوودەبوون لە شارۆچکەکەدا دروست بکرێت، بۆ ئەوەی روون بێت کە زیانەکان زیاتر لە چ گرووپێکی تەمەن و ناوچەیەکە، دۆخی قوتابخانەکان چۆنە و چ هۆکارێک هاندەرە بۆ بەکارهێنان.
قایمقامی پاوە رەخنەی لە سستی هەندێک لایەنە پەیوەندیدارەکان گرتووە و داوای لە بەڕێوەبەرانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کردووە، دەبێت گورجوگۆڵتر پلانەکانیان پێشکەشی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی هەماهەنگی بکەن، بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا روونتر بەدواداچوون بۆ کارەکانیان بکرێت.
هەروەها هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان و قوتابخانەکانی بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی خۆپارێزی ئاماژە پێدا و گوتی، دەبێت خێزانەکان بەرامبەر گۆڕانی رەفتاری مێردمنداڵان، هاوڕێکانیان، نیشانەکانی ئەگەری بەکارهێنانی ماددە هۆشەرەبەکان هەستیار بن و پەروەردەش بە پلانی رێکوپێکیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دۆخە هەبێت.
فەرزاد ئەلماسی، قایمقامی پاوە لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی "بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان تەنیا بە قسە و درووشم نایەتە دی، پێویستی بە قۆڵهەڵمانینی مەیدانی، پلانی ورد، بەرپرسیارێتیی دامەزراوەکان و بەشداریی خەڵک هەیە."
چاندنی خەشخاش لە پاوە بووەتە زەنگێکی دیکەی مەترسیدار
هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە پاوە، راپۆرتی بەڕێوەبەری شارەدێکانی سنووری پاوە لەبارەی چاندنی خاشخاش لە ناوچە جیاوازەکانی شارۆچکەکە خرایەڕوو و جەخت لە پێویستیی چاودێری و بەدواداچوونی بەردەوامی ناوچەکان کرایەوە.
هادی نەزەری، داواکاری گشتیی پاوە بە جەختکردنەوە لە قەدەخەبوونی یاسایی چاندنی ماددە هۆشبەرەکانی (خاشخاش و شاهدانە) گوتی "چاندنی ئەم رووەکانە بە ئامانجی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر تاوانە و دەبێت رێکاریی توندی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران بگیرێتەبەر."
بە گوتەی نەزەری دەستکەوتی دارایی و هۆکاری ئابووریی وایکردووە هەندێک کەس روو بکەنە چاندنی خاشخاش، گوتیشی "پێدەچێت سزاکانی ئێستا لە هەندێک حاڵەتدا بە گوێرەی پێویست رێگر نەبن، بۆیە پێداچوونەوە و هەموارکردنەوەی یاساکانی پەیوەندار بە چاندنی ماددە هۆشبەرەکان گرنگە."
داواکاری گشتیی پاوە داوای لە بەڕێوەبەرانی شارەدێکان، موختارەکان، پیاوماقووڵان و دامەزراوە بەرپرسەکانی دیکە کرد، لە دەستنیشانکردن و پێدانی راپۆرت و زانیاریی لە هەر حاڵەتێکی گوماناویدا هاوکار بن، گوتیشی "ساڵی رابردوو دوو حاڵەتی چاندنی نایاسایی لە پاوەدا تۆمارکراوە، کە دەستبەجێ دۆسیەیان بۆ کرایەوە و دوای تۆمارکردنی سکاڵا، دۆسیەکانیان رەوانەی دادگا کرا."
داواکاری گشتیی پاوە لە هەمان کاتدا جەختیکردەوە، دەبێت پێش رێکاری یاسایی، گرنگی بە خۆپارێزی و هۆشیارکردنەوە بدرێت، هەروەها جەختی لە جێبەجێکردنی پلانی هۆشیارکردنەوە، بەتایبەتی لە قوتابخانەکاندا کردەوە بۆ پێدانی زانیاری لەسەر لێکەوتەکانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و خواردنەوە کحولییەکان.
هەروەها ئاماژەیدا، کە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، کاریگەریی کردووەتە سەر زیادبوونی هەندێک تاوانی کۆمەڵایەتی، لەنێویاندا دزی، گوتیشی "کەمکردنەوەی کێشە و گرفتەکان تەنیا بە کۆبوونەوە نایەتەدی، بەڵکو پێویستی بە هەنگاوی کردەیی و هەماهەنگی نێوان دامەزراوەکان و پەرۆشی خەڵکەوە هەیە."
ئەگەر کۆمەڵگە بەهێز نەبێت، رێکاریی ئەمنی بە تەنیا کاریگەری نابێت
یونس جیهانبانی، جێگری قایمقامیەتی پاوە بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتی دەڵێت "ویستی یەکەم تاقیکردنەوە، باوەڕە هەڵەکان سەبارەت بە ماددە هۆشبەرەکان، تێکچوونە دەروونییەکان، کێشە و لێکترازانی خێزان، بێکاری و ئاسان دەستکەوتنی ماددەکان، هۆکارە سەرەکییەکانن بۆ ئەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە روو بکەنە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و تا دەگاتە حاڵەتی ئالوودەبوون."
جێگری قایمقامی پاوە جەخت دەکاتەوە، باشترین رێگەی خۆپارێزی، بەهێزکردنی تواناکانی کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی گرفتە ژینگەییەکانە، هەروەها دەبێت لەپاڵ رێکارە ئەمنییەکاندا، زەمینەی تواناسازی بۆ کەسەکان و خێزانەکانیش بڕەخسێندرێت. گوتیشی: فێرکردنی لێهاتووییەکانی ژیان، بەهێزکردنی توانای تاک لە "گوتنی نەخێر"، بەهێزکردنی پەیوەندیی خێزانی و کۆمەڵایەتی، دروستکردنی جێگرەوەی تەندروست لە رێگەی وەرزش و ناوەندە کولتوورییەکان، کەمکردنەوەی بێکاری، هەروەها نەهێشتنی شەرمی داوای یارمەتیکردن و هەستیارکردنی کۆمەڵگە بەرامبەر زیانەکانی ئالوودەبوون هەنگاوی کاریگەرن بۆ بەرەنگاربوونەوە و کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە".
هەرچەندە لە سێیەمین کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا لە شارۆچکەی پاوە هیچ ئامارێکی تەواو و یان پێشبینیکراو لە بارەی ژمارەی ئالوودەبووان ئاشکرا نەکرا، بەڵام لەلایەن سەرۆکی کۆمەڵەی ژیانەوە، کە تاکە کۆمەڵەی خۆپارێزیی لە ماددە هۆشبەرەکانی شارۆچکەکەیە راپۆرتێک خوێندرایەوە و رایگەیاند، بەرەنگاربووەنەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە پاوە تەنیا بە دەستبەسەرداگرتنی ماددەکان، دەستگیرکردنی فرۆشیاران یان کردنەوەی دۆسیە بۆ چاندن و بەرهەمهێنەرانی ماددەکان کۆتایی نایەت. گوتیشی: ئەگەر بڕیارە ناسناوی "پاوەی پاک" وەک خۆی بمێنێتەوە، دەبێت لە چەند بەرەیەکەوە سنوور و گەڕەک بۆ رووبەڕووبوونەوە، قوتابخانە و خێزان بۆ خۆپارێزی، ناوەندی یاسایی و دادوەری بۆ سزادان، چارەسەر بۆ گەڕاندنەوە و کۆمەڵگەش بۆ پاڵپشتی چالاکتر بکرێن.
گوتیشی: دەکرێت مێردمنداڵێک بەر لەوەی قاچی بخزێتە نێو دۆسیەیەکی دادوەرییەوە، بە پەروەردەیەکی دروست، خێزانێکی هۆشیار، ژینگەی تەندروست و دەرفەتی گونجاو بۆ وەرزش و چالاکیی کۆمەڵایەتی، هەرگیز روو لە ماددە هۆشبەرەکان نەکات.
شارۆچکەی پاوە کۆی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 67 هەزار کەسە و بەدووری 125 کیلۆمەتر لە باکووری پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەنێوان هەردوو شاخی شاهۆ و ئاتەشگە هەڵکەوتووە و دەکەوێتە سەر سنووری نێوان رۆژهەڵات و باشوور و هاوسنووری شارۆچکەی خانەقینی هەرێمی کوردستانە.