ئەمریکا: سعوودییە مافی خۆیەتی بەرگریی لە خۆی بکات

سعوودیە جەخت دەکاتەوە، لە ساڵی 2014ـەوە کە حووسییەکان بەسەر حکوومەتی شەرعیی یەمەن کودەتایان کرد، هەوڵی چڕی داوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی گشتگیر و هەمیشەیی لەو وڵاتە.

حووسییەکان لە درێژەی سیاسەتی دژایەتیکردنی ئاشتی، هەڵبژاردەی بەردەوامیی پێکدادانی سەربازییان گرتووەتە بەر و یەمەن و گەلی یەمەنی برایان بەرەو قەیرانی زیاتری مرۆیی و ئابووری بردووە، ئەمەش بە ئامانجی جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکی.

سعوودیە لە بەیاننامەیەکدا بە تووندی سەرکۆنەی بەردەوامیی هێرشەکانی حووسییەکانی بۆ سەر هاووڵاتییان و دامەزراوە مەدەنی و ئابوورییەکانی ناو خاکەکەی کرد. ریاز هێرشە دووبارە و ئاشکراکانی بۆ سەر مەککە و مەدینە، هەروەها شارەکانی ئەبها، خەمیس موشەییت، جازان، نەجران، تائیف و یەنبوو، بە تووندی ئیدانە کرد.

وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە رایگەیاند، شانشینی سعوودیە مافی رەوای خۆی لە بەرگریکردن لە خاک و دەستکەوت و سەروەری و سەلامەتیی هاووڵاتییان دووپاتدەکاتەوە. سعوودیە هەموو رێکارە پێویستەکان بۆ پاراستنی ئاسایشەکەی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەگرێتەبەر.

شانشینی سعوودیە پاڵپشتیی سیاسی و سەربازیی خۆی بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتی و حکوومەتی یەمەن دووپاتدەکاتەوە، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە کودەتاکە و گێڕانەوەی دەوڵەت و دامەزراوەکانی لەدەست حووسییەکان.

وەزارەتەکە روونیکردەوە، سعوودیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی ئەندامی هەمیشەیین لە ئەنجوومەنی ئاسایش، بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن و بڕیارە پەیوەندیدارەکان جێبەجێ بکەن. هاوکات داوای پاڵپشتیی تەواوی حکوومەتی شەرعیی یەمەن دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی حووسییەکان و راگرتنی مەترسییەکانیان لەسەر یەمەن، ناوچەکە و جیهان.

لای خۆیەوەمارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەوانان رایگەیاند، سعوودیە مافی بەرگریکردن لە خۆی هەیە، ئەوەش لە وەڵامی ئەو هێرشانەی حووسییەکان کە رووبەڕووی بوونەتەوە.

روبیۆ روونیکردەوە، دۆخی ئێستای یەمەن وەڵامێکە بۆ دەستدرێژییەکانی حووسییەکان، چونکە هێزەکانی یەمەن هەوڵی کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە دەدەن کە پێشتر لەلایەن حووسییەکانەوە داگیرکرابوون. روبیۆ گوتی: "ئەو ناوچانە بەهۆی هێرشی حووسییەکانەوە داگیرکرابوون، ئەوەی ئێستا روودەدات وەڵامێکە بۆ ئەو هێرشانە. پێشبینیمان دەکرد ئەمە رووبدات و بە کردەیی روویدا".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە، حکوومەتی یەمەن و سعوودیە قبووڵ ناکەن حووسییەکان کۆنترۆڵی بابولمەندەب بکەن. ئەو بەرپرسە ئەمریکییە دووپاتیشیکردەوە، واشنتن پابەندی رێککەوتن و ئەرکە ئەمنییەکانیەتی لەگەڵ سعوودیە و هەموویان جێبەجێ دەکات.

رەشید عەلیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی بە ناوی "فەجری یەمەن"ی راگەیاند، بە ئامانجی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی وڵاتدا.

هێزەکانی یەمەن کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی کەناری رۆژئاوا، لەنێویاندا بابولمەندەب و زوبابیان راگەیاند و بەرەو موخا پێشڕەوییان کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە چەند بەرەیەکدا بەردەوامن.

دوای پێشڕەوییەکان لە کەناری رۆژئاوا، هێزە چەکدارەکانی یەمەن هێرشێکی ستراتیژییان بۆ سەر سەنعای پایتەخت دەستپێکرد. سەرچاوەکان بڵاویانکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکان چەند هێرشێکی ئاسمانییان کردووەتە سەر پێگەکانی ناو پایتەخت، هێزەکانی یەمەنیش رایانگەیاند، لە هێرشەکەدا توانای مۆدێرن بەکاردەهێنن.

هاوپەیمانیی پشتیوانیی شەرعی راگەیاند، لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی "فەجری یەمەن"ەوە 324 ئامانجی گرنگیان تێکشکاندووە و پاراستنی ئاسمانیی گەرووی بابولمەندەبیان دابینکردووە. ئەوان ئاماژەیان بەوە کرد، 100 فڕۆکەی جەنگی بەشداری لەو ئۆپەراسیۆنە دەکەن کە بەرەبەیانی دووشەممە دەستی پێکردووە.