بازرگانێک لەناو سلێمانی کوژرا
بازرگانێکی کەلوپەلی کارەبایی بەناوی حاجی محەمەد پێنجوێنی لە گۆڕستانی گردی سەیوانی سلێمانی تەرمەکەی دۆزرایەوە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست کوردستان24 گەیشتووە، ئەم بازرگانە لە بنەڕەتدا خەڵکی پێنجوێنە، بەڵام لە نزیک مەزادخانەکەی سلێمانی و بەرخانەقا، دوکانی کەلوپەلی کارەبایی هەبووە و هەر لەم بوارەشدا بازرگانی کردووە، هەرچەندە تا ئێستا هۆکاری کوشتنەکەی نەزانراوە، بەڵام دواجار تەرمەکەی لە گۆڕستانی سەیوان دۆزراوەتەوە، کە کۆنترین گۆڕستانی شارەکەیە و دەکەوێتە بەری رۆژهەڵاتی سلێمانی.
هەروەها سەرچاوەیەک لە پۆلیسی سلێمانی کە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە کوژرانی ئەم بازرگانە لەلای پۆلیس نییە و ئاسایشی سلێمانی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات.
بە گوێرەی ئەو دەنگۆ و زانیارییە پشتڕاست نەکراوانەی هەن، گوایە محەمەد پێنجوینی بەیانی دوێنێ دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە مەبەستی پارەدانی کارەبا لەماڵەوە دەرچووە و بڕی 25 ملیۆن دیناریشی پێبووە و بە تاکسی رۆیشتووە، دوای ئەوەی هیچ سۆراخێکی نەبووە و دواجار پاش کاتژمێر 12 ئەمشەو لە گۆڕستانی سەیران تەمەکەیان دۆزیوەتەوە.
هەرچەندە هیچ ئەنجامێکی بەرایی لێکۆڵینەوەکان بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام دەنگۆ و گومانەکان ئەوەیە، ئەم بازرگانە لەلایەن شۆفێری تاکسییەکەوە کوژرا بێت، بەهۆی ئەوەی پارەیەکی زۆری پێ بینیوە.