جەبار مستەفا: بەرنامەی مینی هەرێمی کوردستان 13 ساڵ پێش بەرنامەی عێراقە
سەرۆکی دەزگای کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گرفت و مەترسییەکانی مین لە دەوروبەری کۆیە و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بە جدی ماونەتەوە. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک هاوکاریی دەزگاکەیان ناکات و پشکی هەرێم لە کۆمەکە نێودەوڵەتییەکان نادات.
سێشەممە، 6ی ئۆکتۆبەری 2026، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە میانی پشکنین و پاکسازی لە کۆیە، بە سوودوەرگرتن لە تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی مینی سلێمانی و هەولێر توانراوە کار لەسەر شوێنێکی بەگومان بکرێت و لە مین خاوێن بکرێتەوە، کە بەگوێرەی پلانی شارەوانی دەکرێتە پارکی گشتی یان پرۆژەی خزمەتگوزاری. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا کەمتر لە نیوەی ئەو رووبەرەی کە بە مین رووپش کرابوو خاوێنکراوەتەوە، هەرچەندە تا ئێستاش لە زنجیرە چیاکانی دەوروبەری کۆیە مین مەترسییەکی جدییە.
سەرۆکی دەزگای کاروباری مین روونیکردەوە، کۆی گشتیی خاکی پیسبوو بە مین و پاشماوەی جەنگ لە هەرێمی کوردستان 776 کیلۆمەتری چوارگۆشە بووە، تا ئێستا 576 کیلۆمەتری پاککراوەتەوە و تەنها 200 کیلۆمەتری چوارگۆشە لە سەرانسەری هەرێم ماوە پاک بکرێتەوە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، جەبار مستەفا جەختی کردەوە کە بەغدا هەموو جۆرە هاوکارییەکی بڕیوە و تەنانەت لە کۆمەکە نێودەوڵەتییەکانیشدا پشکی هەرێمی کوردستان نادات. سەبارەت بە هۆکارەکەشی گوتی: بەرنامەی مینی هەرێم 13 ساڵ پێش بەرنامەی عێراقە؛ ئەوان تەنیا بەڕێوەبەرایەتییەکی چاودێرین سەر بە وەزارەتی ژینگە و لە رێگەی کەرتی تایبەت و رێکخراوەکانەوە کار دەکەن، بەڵام هاوشێوەی کەرتی دیکە کێشەی بودجەمان لەگەڵیاندا هەیە و سەرەڕای رێککەوتنی نووسراو، کاری پێناکرێت.
هەروەها گوتیشی، زۆرێک لە کۆمەکە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئاستی جیهان گوازراونەتەوە بۆ ناوچە گەرمەکانی شەڕ وەک ئۆکرانیا و غەززە، ئەمەش لە کاتێکدایە بەپێی رێککەوتنەکان 40%ی کۆمەکەکان نێودەوڵەتین و 60%ی لەسەر حکوومەتی عێراقە، بەڵام هەرێمی کوردستان لە هەردووکیان بێبەش کراوە.
هەرێمی کوردستان ئەندامە لە رێککەوتنی نێودەوڵەتیی ئۆتاوا، کە دەبوو تا ساڵی 2018 خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تەواوی لە مین پاک بکرێنەوە، بەڵام بەهۆی رووداوە سیاسی و سەربازییەکان و شەڕەکانی ناوچەکەوە، وادەکە تا ساڵی 2028 درێژکرایەوە. سەرۆکی دەزگای کاروباری مین رایگەیاند کە پێشبینی ناکات تا ساڵی 2028یش پرۆسەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکرێت، چونکە بەهۆی نەبوونی پشتیوانیی دارایی لەلایەن بەغدا و کەمبوونەوەی کۆمەکی نێودەوڵەتی، ئاستەنگی گەورە لەبەرامبەر پاکسازیی تەواوەتیی خاکەکەدا دروست بووە.