فەرەنسا.. فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کورتی مافەکانی مرۆڤی ئارتیکاس بەڕێوەدەچێت

یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کورتی مافەکانی مرۆڤی ئارتیکاس، لەژێر دروشمی "رووناکییەک بەسەر مرۆڤایەتیدا"، بە بەشداری 28 فیلمی فیلمسازانی سەرانسەری جیهان، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت.

سێشەممە، 6ی تشرینی یەکەمی 2026، رەسوول ئەحمەدی، سەرۆکی فێستیڤاڵەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "لە یەکەمین خولی فێستیڤاڵەکەدا، 258 فیلمی لە فیلمسازانی سەرانسەری جیهان وەرگرتووە و 28 فیلم بۆ کۆتایی پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکە هەڵبژێردراون، تێیدا فیلمی کورت و بەرهەمە سینەمایییەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ، کەرامەت و ئەزموونی مرۆیی دەخاتە بەردەم بینەران و لە چوارچێوەی بەرنامەکانی خۆیدا بوارێک بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیرۆکەکان لەسەر ئەو بابەتانە دەڕەخسێنێت."

رەسوول ئەحمەدی سەبارەت بە فێستیڤاڵەکە گوتی، "ئەنجوومەنی کولتووری و میدیایی ئارتیکاس لە فەرەنسا دامەزراوە و لە بوارەکانی سینەما، رۆژنامەوانی، کولتوور و گفتوگۆی نێوان کولتوورەکاندا چالاکی دەکات و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کورتی مافەکانی مرۆڤی ئارتیکاس بەڕێوە دەبات. هەروەها لە یەکەمین خولی فێستیڤاڵەکەدا، دوای پڕۆسەی هەڵسەنگاندن و هەڵبژاردنی بەرهەمەکان، 28 فیلمی بۆ قۆناخی کۆتایی پێشبڕکێ هەڵبژێردراون و بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتە سەرەکییەکانی فستیڤاڵەکە پێشبڕکێ دەکەن."

سەبارەت بە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵەکە، رەسوول ئەحمەدی دەڵێت، "یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی یەکەمین خولی فستیڤاڵی ئارتیکاس، بەشداریی هەشت فیلمی فیلمسازانی هەر چوار بەشی کوردستانە. ئەم هەشت فیلمە لە فیلمسازانی رۆژهەڵات، باشوور، باکوور و رۆژئاوا، لە چوارچێوەی فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی لە پایتەختی فەرەنسا کۆدەکەنەوە و بەشێک لە بەرهەم و دەنگی سینەمای کوردی لە جوگرافیا  جیاوازەکان دەخەنە بەردەم بینەرانی نێودەوڵەتیی."

سەرۆکی فێستیڤاڵەکە جەختی کردەوە، "بەشداریی فیلمسازانی هەر چوار بەشی کوردستان لە یەک فێستیڤاڵدا، بەتایبەتی لە فەرەنسا، دەرفەتێک بۆ ناساندنی بەرهەمە سینەمایییە کوردییەکان و نزیککردنەوەی ئەزموونە سینەمایییە جیاوازەکانە. لە یەکەمین خولی خۆیدا، فێستیڤاڵی ئارتیکاس بە شێوەیەکی تایبەت رێز لە بەهمەنی  قوبادی، دەرهێنەر و فیلمسازی ناسراوی کورد دەگرێت و ئەم رێزگرتنە بە پاساوی ساڵانێک کاری سینەمایی و بەشداریی بەهمەنی قوبادی لە ناساندنی سینەمای کوردی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەنجام دەدرێت."

رەسوول ئەحمەدی باس لە نمایشکردنی دوو فیلمی بەهمەنی قوبادی دەکات و دەڵێت، "بەهمەنی قوبادی یەکەمین فیلمی درێژی خۆی بە ناوی "ساتێک  بۆ مەستی ئەسپەکان» لە ساڵی 2000 لە فێستیڤاڵی فیلمی کان نیشان دا و خەڵاتی "کامێرای زێڕین"ی بەدەستهێنا. هەروەها فیلمی "کەس لە پشیلە فارسییەکان ئاگادار نییە" لە ساڵی 2009 لە بەشی "نیگایەکی تایبەت"ی فێستیڤاڵی کان نیشان درا و خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەریی ئەو بەشەی بەدەستهێنا."

سەبارەت بە ئەندامانی لێژنەی دادوەری فێستیڤاڵەکە، رەسوول ئەحمەدی دەڵێت، "28 فیلمی قۆناخی کۆتایی فێستیڤاڵەکە لەلایەن لێژنەی  دادوەرییەکی نێودەوڵەتییەوە هەڵدەسەنگێنرێن؛ لێژنەکە کە سینەماکار، بەرهەمهێنەر، ئەکادیمی و کەسایەتییە چالاکەکانی بواری سینەما و کولتوور لە چەند وڵاتێک لەخۆ دەگرێت وەکو، ئیلایدا چەتینکایا، سەرۆکی لێژنەی دادوەرییە و بەرهەمهێنەری فیلمی "پێست"ە؛ ئەو فیلمەش لە ساڵی 2023  خەڵاتی زێڕینی خەڵاتەکانی ئەکادیمیی قوتابیانی سینەمایی بەدەستهێناوە."

رەسوول ئەحمەدی باسی لەوەش کرد، "ڤالێنتینا کانیلیا، سینەماکار و وێنەگری سینەمایی، ئەندامی ئەکادیمیی هونەر و زانستی فیلمی ئەمریکایە؛ ئەو دامەزراوەیەی خەڵاتی ئۆسکار پێشکەش دەکات. ناوی کانیلیا هەروەها لە بانگهێشتکراوانی ئەکادیمی بۆ ساڵی 2025 لە بواری وێنەگری سینەمایی تۆمار کراوە. هوی چینگ تسیانگ، جیم کۆینیگسەکەر، فرانسوا بێشیۆ و هەدیل لاوی، ئەندامانی دیکەی لێژنەی دادوەری نێودەوڵەتیی فێستیڤاڵەکەن."

یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کورتی مافەکانی مرۆڤی ئارتیکاس لەژێر دروشمی "رووناکییەک بەسەر مرۆڤایەتیدا، بڕیارە 15ی تشرینی یەکەمی 2026، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت و ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.