کۆیە؛ فێستیڤاڵی کولتووری "بەریدان" بەڕێوەدەچێت

فێستیڤاڵی کولتووری "بەریدان"، لەژێر دروشمی "زیندووکردنەوەی کەلەپووری کۆیە، لە رێگەی گۆشە کولتوورییەکانەوە"، بە ئامانجی ئاوڕدانەوە لە کولتووری بیناسازی شاری کۆیە و زیندووکردنەوەی ماڵە کۆنەکان و بەشێک لە میراتی کولتووری ئەم شارە بەڕێوەدەچێت.

سێشەممە، 6ی تشرینی یەکەمی 2026، مەهدی حەسەن، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم فێستیڤاڵە هەوڵێکە بۆ ئەوەی ماڵە کۆنەکانی کۆیە تەنیا وەک بینایەکی مێژوویی نەبینرێن، بەڵکو وەک شوێنێک بۆ ژیانەوەی هونەر، کولتوور و ئەدەبیات بەکاربهێنرێن و پەیوەندیی نێوان مێژووی شار و ژیانی کولتووریی ئەمڕۆ زیندوو بکرێتەوە."

مەهدی حەسەن سەبارەت بە ئەنجامدانی فێستیڤاڵەکە گوتی، "لە چوارچێوەی ڤیستیڤاڵەکەدا چەندین بوار و دەربڕینی جۆراوجۆری هونەری و کولتووری لە ناو ماڵە ئامادەکراوەکاندا پیشان دەدرێن؛ لە هونەری شێوەکاری و مۆسیقای رەسەنی کوردییەوە بگرە تا خواردنی کولتووری، کاری دەستی، چنین، ئەدەبیات و بوارەکانی دیکەی فەرهەنگی."

بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە جەختی کردەوە، "جیاوازیی ئەم فێستیڤاڵە لە پێشانگە و نمایشە باوەکاندا، تەنیا لە جۆری بەرهەمەکان نییە، بەڵکو لە شێوازی پەیوەندی نێوان هونەرمەند و میوانیشدایە. لە رۆژی یەکەمی فێستیڤاڵەکەدا میوانان تەنیا بینەری بەرهەمی کۆتایی نین، بەڵکو لە پرۆسەی کارکردن و ئامادەکردنی بەرهەمەکاندا بەشدار دەبن و چۆنیەتی دروستبوونیان لە نزیکەوە دەبینن."

سەبارەت بە رۆژی دووەمی فێستیڤاڵەکە، مەهدی حەسەن دەڵێت، "لە رۆژی دووەمیشدا بەرهەمە ئامادەکراوەکان دەخرێنە روو، بەڵام سنووری نێوان میوان و هونەرمەند بە شێوەیەکی جیاواز دەشکێنرێت؛ بە جۆرێک میوانان دەتوانن راستەوخۆ بەشداری لە دروستکردنی بەرهەمەکان بکەن و لە رێگەی گفتوگۆ، دیالۆگ و دەربڕینی بیر و بۆچوونەکانیانەوە، بەشێک بن لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی هونەری."

مەهدی حەسەن باسی لەوەش کرد، "کۆیە بە مێژوو و کولتووری دەوڵەمەندییەوە، لە رووی بیناسازییەوە و هەروەها لە بوارەکانی هونەر و ئەدەبیات، یەکێکە لە شارە گرنگەکان کە پێویستی بە زیاترکردنی سەرنج و گرنگیدان بە میرات و تواناکانی کولتووریی هەیە. لە فێستیڤاڵی "بەریدان"دا هەوڵ دەدرێت ئەو دەوڵەمەندییە کولتوورییە بخرێتە پێش چاوی خەڵک و ببێتە بنەمایەک بۆ چالاکییە کولتووری و هونەرییە بەردەوامەکان."

مەهدی حەسەن باس لە ئامانجی سەرەکی فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت، "یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵەکەش ئەوەیە کە دوای کۆتایی هاتنی چالاکییەکە، دەرگەی ئەو ماڵانە داخراو نەبن و شوێنەکان بۆ چالاکییە هونەری، کولتووری و ئەدەبییەکان بەردەوام بەکاربهێنرێن."

مەهدی حەسەن ئاماژەی بەوەش دا، "کۆیە کۆمەڵێک گروپ و چالاکوانی هونەری و کولتووری تێدایە و بەپێی ئەم دیدگایە، ئەگەر ئەو گروپ و چالاکوانانە بتوانن دوای فێستیڤاڵەکەش بەردەوام لەو شوێنانە چالاکی بکەن، ئەوا "بەریدان" تەنیا فێستیڤاڵێکی ساڵانە نابێت، بەڵکو دەکرێت ببێتە پرۆژەیەکی بەردەوام بۆ زیندووکردنەوەی ژیانی هونەری و کولتووری لە کۆیە."

فێستیڤاڵی کولتووری "بەریدان"، لەژێر دروشمی "زیندووکردنەوەی کەلەپووری کۆیە، لە رێگەی گۆشە کولتوورییەکانەوە"، بڕیارە 10ی تشرینی یەکەمی 2026، لە کۆیە بەڕێوەدەچێت و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.