وەزیری گەیاندنی عێراق: ئەپی وەیز لە وڵاتەکەدا رادەگیرێت
وەزیری گەیاندنی عێراق، رایگەیاند: لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەم (12)ـی ئەمساڵ، بە فەرمی کارکردنی ئەپلیکەیشنی نەخشە "وەیز" (Waze) لە سەرانسەری عێراقدا رادەگیرێت.
سیشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق لە لێدوانێکدا تەلەفزیۆنیدا ئاشکرای کرد، بڕیار دراوە لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەم (12)ـی ئەمساڵ، سەرەتای ساڵی نوێی 2027، بە فەرمی کارکردنی ئەپلیکەیشنی "وەیز" (Waze) لە عێراقدا قەدەخە بکرێت.
سەنەد ئاماژەی بەوە کرد، ئەپلیکەیشنی وەیز، ئێستا لە لایەن ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان و شۆفێران لە عێراقدا بۆ مەبەستی دیاریکردنی رێگەکان و نەخشە بەکاردەهێنرێت؛ بەڵام جەختی کردەوە کە چەندین ئەپلیکەیشن و بەرنامەی جێگرەوەی گونجاو لەبەردەستدان کە بەکارهێنەران دەتوانن پشتیان پێ ببەستن.
وەزیری گەیاندن هۆکاری سەرەکیی دەرکردنی ئەم بڕیارەی روونکردەوە و گوتی: کە قەدەخەکردنی بەرنامەکە بەهۆی ئەوەوەیە کە ئەپلیکەیشنێکی ئیسرائیلییە و، لە چوارچێوەی رێکارە یاسایی و فەرمییەکانی عێراقدا، کارکردنی لە ناوخۆی وڵاتدا رادەگیرێت.