کارەبای سلێمانی هۆکارەکانی بڕینی کارەبای ماڵان و رێکارەکانی هەڵکردنەوەی روون دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا بۆ هاووڵاتییان چارەسەر و هۆکارەکانی کوژانەوەی کارەبای خستەڕوو، کە خۆی لە نەدانی پارەی پسوولەی مانگانە دوای 50 رۆژ، لینکەنەکردنی پێوەری زیرەک و نەبوونی هاوبەشیی فەرمیدا دەبینێتەوە؛ هاوکات ئاگاداری دان دوای کۆتاییهاتنی ماوەی لێخۆشبوون لە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، قەرزی کۆنی کارەبا دەکرێتە قستی مانگانە و بە ئیجباری وەردەگیرێتەوە.

سێشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، هاووڵاتییان ئاگاداردەکەینەوە، رۆژانە هەندێک ماڵ کارەبایان دەکوژێتەوە، بەهۆی یەکێک لەم حاڵەتانەی خوارەوەیە و خاڵ بە خاڵ روونیدەکەینەوە بۆ ئەوەی تووشی کارەبا بڕین نەبن:

1- دوای دەرچوونی پسوولەی مانگانە و دوای (50) رۆژ لە دابەزینی لە سیستمی (ئیندراو)و (ئی پسوولە)، ئەگەر هاوبەشەکە پارەنەدات کارەباکەی دەکوژێتەوە، کە پارەکەی دا لە ماوەی (24) کاتژمێر کارەباکەی هەڵدەبێتەوە، لە حاڵەتی هەڵنەبوونەوەی کارەباکەی پێویستە پەیوەندی بە ژمارە (1992) بکات و ئاگاداریان بکاتەوە کە پارەی کارەبای رادەست کردەوە و کارەبای بۆ نەگەڕاوەتەوە بۆ ئەوەە راستەوخۆ لە رێگەی سستمی کارەبای بۆ بگەڕێننەوە یان لەلایەن تیمی تایبەت سەردان دەکرێت و کارەبای بۆ هەڵدەکرێتەوە.

2- ئەو هاوبەشانەی کارەبا کە پێوەری زیرەکیان هەیە و لینک نەکراوە، تیمێکی تایبەت سەردانیان دەکات بۆ (لینک ) کردن، ئەگەر هاوبەشەکە لە ماڵ نەبوو (پسوولەی ئاگاداری پێدەدرێت) پێویستە پەیوەندی بە ژمارە (1992) بکات زانیارییەکان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی تووشی بچڕانی کارەبا نەبن لە کاتی سەردانی تیمەکان بۆ لینک کردن هاوکاری تیمەکان بن کارەبایان نابڕدرێت ، بەپێچەوانەوەی کارەبایان دەبڕدرێت.

3- ئەو شوێنانەی کە کارەبایان هەیە، بەڵام بەفەرمی هاوبەشی کارەبایان نەکردوەتەوە، ئەمانەش کارەبایان دەکوژێتەوە تا ئەو کاتەی هاوبەشی دەکەن و دواتر کارەبایان هەڵدەبێتەوە.

4- ئەو شوێنانەی کارەبایان (سواپە)، واتر لینکی پێوەری زیرەکیان بۆ کراوە، واتە لەگەڵ ماڵی دراوسێیان تێکەڵاوبوون روویداوە و دوای سەردانیکردن کێشەکەیان چارەسەر دەکرێت و کارەبایان هەڵدەبێتەوە.

هەروەها هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە تا ئێستا کارەبا بڕین لەسەر قەرز نییە، بەڵکو لەسەر پارەدانی مانگانەیە، بەڵام دوای کۆتایی هاتنی ماوەی لێخۆش بوون کە (18/10/2026) کۆتایی دێت، قەرزی کۆن دەکرێت بە (قیست)ی مانگانە و بە ئیجباری وەردەگیرێتەوە و هەمان ماوەی (50) رۆژی پارەدانی کارەبای مانگانەی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت و کارەبای دەکوژێتەوە.

هاووڵاتییان دڵنیادەکەینەوە کە بەردەوام رۆژانە تا کاتژمێر (12)ی شەو تیمی تایبەت ئامادەیە بۆ هەڵکردنەوەی کارەبای ئەو ماڵانەی کە نەتوانرا لە ماوەی (24) کاتژمێردا هەڵبێتەوە.

هاوکات بۆ ئەوەی رێگری بکەیت لە بڕینی کارەباکەت تکایە، مانگانە لە کاتی خۆیدا پێش ئەوەی کارەبات ببڕدرێت پارەی کارەباکەت بدە؛ سەیری پسوولەی کارەباکەت بکە ئەگەر بە پێوەری کلاسیک پارەت بۆ دێتەوەو پێوەری زیرەکت هەیە، خۆت سەردانی فەرمانگەکانی کارەبا بکە بۆ ئەوەی پێوەرەکەت بۆ لینک بکرێت و ئەگەر کارەبات هەیە و هاوبەشیت نییە ، پێش ئەوەی تووشی کارەبا ببیت بەفەرمی هاوبەشی بکەرەوە بۆ ماڵ، دوکان ، باخ یان هەر جۆر و پۆلێکە.