داوای زیادکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکرێت

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ باشترکردنی گوزەرانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، چەند داواکارییەکی فەرمییان ئاراستەی حکوومەتی فیدراڵی عێراق کرد.

شاندێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە سەردانێکیدا بۆ بەغدا، پرسی ماف و شایستە داراییەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێکرد. کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەبارەت بە ناوەڕۆکی داواکارییەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بوونی جیاوازییەکی زۆر لە ئاستی پشتگیریکردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی ئەو توێژە دروستکردووە.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەو سەردانەدا بە نووسراوی فەرمی داوایکردووە مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە 150 هەزار دینارەوە بۆ 250 هەزار دینار بەرزبکرێتەوە. هەروەها داوایانکردووە یاسا یان بڕیارێک بۆ ئەوە دەربچێت کە ئەو کەسانەی خاوەن پێداویستیی جەستەیی و دەروونین، بتوانن بە بڕی 300 هەزار دینار لە هاوکاریی دارایی کۆمەڵایەتی سوودمەند بن.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، لە ساڵی 2013ـەوە هیچ خاوەن پێداویستییەکی نوێ لە سیستمی هاوکارییەکان تۆمارنەکراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارەکان، سەدان حاڵەتی نوێ لە هەرێمی کوردستان پێویستییان بە پشتگیریی دارایی هەیە. هاوکات داواکراوە ژمارەی دامەزراندنی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت کە ئێستا 73 هەزار کەسن، زیادبکرێت و بایەخی زیاتریان پێبدرێت.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی جەختیکردەوە، ئەگەر پێویستبکات جارێکی دیکە سەردانی بەغدا دەکەنەوە، بەڵام ئێستا چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقن تا داواکارییەکانیان پەسەندبکرێت و لە پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیربکرێن.

پێشتریش وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی داتا و زانیارییەکانی لەسەر خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ئاراستەی بەغدا کردبوو، بە ئامانجی ئەوەی مووچە و شایستە داراییەکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراق یەکبخرێت.