شارەوانیی هەولێر: کڕین و فرۆشتنی زەویی فەرمانبەران نایاساییە
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە ئاگادارییەکدا، هۆشداریی توندی دایە سەرجەم فەرمانبەران، هاووڵاتییان و نووسینگەکانی خانووبەرە لە ئەنجامدانی هەر جۆرە کڕین و فرۆشتنێک بە زەویی فەرمانبەران و ئەو زەوییانەی هێشتا بە شێوەی کارت ماونەتەوە، و جەختیکردەوە، ئەو جۆرە مامەڵانە پێچەوانەی یاسان و هیچ بنەمایەکیان نییە.
چوارشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، تا ئەو کاتەی سەرجەم مامەڵە و رێکارە یاساییەکانی تۆمارکردن کۆتاییان نەیەت و وێنەی تۆماری فەرمی و سەربەخۆ (تاپۆ) دەرنەچێت، بە هیچ شێوەیەک کڕین و فرۆشتن بەو زەوییانە رێگەپێدراو نییە. تەنیا دوای تەواوبوونی تەواوی رێکارەکان و بوونی زەوییەکە بە موڵکێکی سەربەخۆ، فەرمانبەر مافی مامەڵەپێکردنی دەبێت.
شارەوانیی هەولێر رایگەیاندووە، بەداخەوە تێبینی کراوە هەندێک لەو فەرمانبەرانەی زەوییان بۆ دەرچووە یان ئەوانەی زەوییەکانیان هێشتا بە شێوەی کارتە و تۆمار نەکراوە، دەستیان بە کڕین و فرۆشتن کردووە. شارەوانی هۆشداری داوە کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی و یاسایی و دەستاودەستکردنی زەوییەکان لە کاتێکدا هێشتا هیچ تەرخانکردنێکی فەرمییان لەلایەن شارەوانییەوە بۆ نەکراوە.
هاوکات شارەوانیی هەولێر داوای لە هاووڵاتییان و سەرجەم نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە کردووە بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و خۆیان لەم جۆرە گرێبەستانە بەدوور بگرن، بە پێچەوانەوە هەر لایەنێک پابەند نەبێت، خۆی بەرپرسیاریەتیی یاسایی لە ئەستۆ دەگرێت.
سەبارەت بە رێژەی سوودمەندبووانیش، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر روونیکردەوە، لە کۆی 82 هەزار فەرمانبەر سنووری سەنتەری هەولێر کە رەزامەندیی پەرلەمانی عێراقیان بۆ گەڕاوەتەوە، تا ئێستا لە هەشت قۆناخدا 55 هەزار فەرمانبەر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون، و کارکردن لەسەر قۆناخەکانی داهاتووش بەردەوامە.