نەوزاد شێخ کامیل: رێگری لە قۆستنەوەی دۆخی بازاڕ دەکەین
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان هۆشداریی دا و رایگەیاند: سزای توند و یاسایی چاوەڕوانی هەموو ئەو کەسانە دەکات، کە دەیانەوێت نرخی کەلوپەل لەسەر هاووڵاتییان گران بکەن.
چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا گوتی: هەڵمەتێکی چڕ بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕەکان دەستپێکردووە و ژمارەی لیژنەکانی چاودێریکردنمان لە تەواوی بازاڕەکاندا زیاد کردووە تا چاوکراوەتر بن بەرامبەر هەر هەوڵێکی قۆرخکاریی.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، سزای توند و یاسایی چاوەڕوانی هەموو ئەو کەسانە دەکات، کە دەیانەوێت بارودۆخی ئێستا بقۆزنەوە و نرخی کەلوپەل لەسەر هاووڵاتییان گران بکەن.
ئامانج لەم بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی پاراستنی راستەوخۆی سەقامگیریی بازاڕ و رێگریکردنە لەوەی بارگرانی لەسەر بژێوی و گیرفانی خێزانەکان دروست ببێت، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق بەهای فرۆشتنی دۆلاری بۆ هاووڵاتییان بە 1,520 دینار دیاریی کرد، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران کە لە 22ـەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا و بە پشتبەستن بە پێشنیاز و راسپاردەکانی هەر یەک لە وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی پەسەندی کرد.