ژمارەی زیندانییانی باکووری کوردستان و تورکیا زیاتر بووە
لە کاتێکدا لە تورکیا و باکووری کوردستان چاوەکان لەسەر هەنگاوەکانی دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی ئاشتین، لە زیندانەکاندا لە رێگەی بڕیاری لیژنەکانی چاودێری و بەڕێوەبردنەوە ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی بەردەوام دوادەخرێت.
فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی پشتیوانی لە خانەوادەی زیندانیان و سزادراوان رایگەیاندووە، سەرەڕای تەواوبوونی ماوەی یاسایی سزاکانیان، ئازادکردنی زیندانیان دوادەخرێت؛ بە جۆرێک لە ساڵی 2021ـەوە رێگری لە ئازادکردنی 9 ژنە زیندانیی سیاسی لە گرتووخانەی «سینجان» دەکرێت، سیاسەتمەدارانیش ئاماژە بەوە دەکەن ئەم لیژنانە نایاسایین و چەمکی «پەشیمانبوونەوە» بەسەر زیندانیاندا دەسەپێنن، لە کاتێکدا رێگەی ئاشتی لە ئازادکردنی زیندانیانەوە تێپەڕ دەبێت.
سەرهات ئەرەن، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی دیاربەکر، لە لێدوانێکدا رەخنەی توندی لە ئیدارەی زیندانەکان گرت و گوتی: بەشێک لە ئیدارەی زیندانەکان بە شێوەیەکی کەسی و نادادپەروەرانە هەڵسوکەوت دەکەن و هۆکاری زۆر بێبایەخ دەکەنە بیانوو بۆ ئەوەی رێگری لە ئازادکردنی هاوڕێیانمان بکەن ماوەی سزاکەیان تەواو بووە، کاتێک باس لە چەکدانان دەکرێت، دەڵێن پێویستە پشتڕاست بکرێتەوە، بەڵام بۆ زیندانیان کە هیچ شتێکیان لە دەستدا نییە، دەبێت چاوەڕێی چی بن؟ پێویست ناکات بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانەی لە زینداندان هیچ مەرج و لێکۆڵینەوەیەکی زیادە دابنرێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی لە گرتووخانەی سینجان بڕیاری ئازادکردنی زیندانی نەدیمە یاکلاڤ 7 جار، هیجران بینجی، نورییە عەدەت، دەوریم عەدەت و زەلیها ئوستاباش 4 جار، هەریەکە لە ئەمینە ئابیش، مەلیکە گۆکسو و فاتمە ئەسلان 3 جار، و پنار تیکیت 2 جار دواخراوە.
هاوکات فاتمە سوروجو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی یاساناسان لەپێناو ئازادی ئاشکرای کرد، 9 ژنە زیندانیی سیاسی لە زیندانی سینجاندان کە چواریان زیاتر لە 30 ساڵە و ئەوانی دیکەش زیاتر لە 20 ساڵە زیندانین، ئەم کەسانە 30 ساڵی تەواوی سزاکەیان تەواو کردووە، کەچی ناتوانن لە زیندان بێنە دەرەوە، یاساکانی تورکیا روونن کە پێویستە دوای تەواوبوونی 30 ساڵ ئازاد بکرێن، تەنانەت ئەگەر هیچ پرۆسەیەکی ئاشتیش لە ئارادا نەبێت.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی دادی تورکیا، تا 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، ژمارەی زیندانیان لەو وڵاتە گەیشتووەتە 434 هەزار و 337 کەس، کە لەو ژمارەیە 71 هەزار و 799 کەسیان دەستبەسەرن (راگیراون) و 362 هەزار و 538 کەسیشیان سزادراون، بەمەش ڕێژەی قەرەباڵغی لە زیندانەکانی تورکیادا گەیشتووەتە 143%، کە لە سەرووی توانای لەخۆگرتنی زیندانەکانە.