تۆمەتبارێک بە تاوانی فێڵکردن و بەڵێنی دامەزراندن بە هاووڵاتیان دەستگیر کرا

دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، تۆمەتبارێکیان بە تۆمەتی ساختەکاری، فێڵکردن لە هاووڵاتییان و بەڵێنی دامەزراندن لە پارێزگای واست دەستگیر کردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکیی لقی واست کەسێکی دەستگیر کردووە کە لە یەکێک لە دامەزراوە میدیاییە فەرمییەکان کار دەکات. تۆمەتبارەکە بە بیانووی دامەزراندنی هاوسەری هاووڵاتییەک لە یەکێک لە فەرمانگە حکوومییەکان، بڕە پارەیەک وەک پێشەکی لەو هاووڵاتییە وەرگرتووە و نووسراوێکی ساختەی دامەزراندنی بە ناوی هاوسەری ئەو هاووڵاتییەوە پێ داوە.

تۆمەتبارەکە داوای قۆناخی دووەمی پارەکەی کردووە بە مەبەستی دەرکردنی فەرمانی دەستبەکاربوونی هاوسەری هاووڵاتییەکە، وەک ئەوەی خۆی بانگەشەی بۆ کردووە.

پاش بەدواداچوونی ورد و بەردەوام، تۆمەتبارەکە دەستگیر کراوە و ئەو پارەیەی پێی بووە دەستی بەسەردا گیراوە. تۆمەتبارەکە دانی بە وەرگرتنی پارەکەدا ناوە و رەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند کراوە. دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاری بەندکردنی بۆ دەرکردووە، بەپێی ماددەی 160ی یاسای سزادانی عێراق ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی هەموارکراو.