نرخی کەرستەی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە

چەند رۆژێکە نرخی کەرستەکانی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی شیش و چیمەنتۆ بەرزبووەتەوە و ئەگەری هەیە کاریگەری لەسەر نرخی شوقە و یەکەکانی نیشتەجێبوون دروست بکات، بەڕێوەبەری گشتی شار و ناوچە پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستانیش هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان بۆ بڕیارێکی حکوومەتی عێراق دەگەڕێنێتەوە.

دکتۆر پشتیوان حەمە سەعید، بەڕێوەبەری گشتی شار و ناوچە پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی چیمەنتۆ و شیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حکوومەتی عێراق پێدانی سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ کارگەکان هەڵگرتووە و نەوتی رەش و سووتەمەنی وەک جاران بۆ کارگەکان دابین ناکات.

بەڕێوەبەری گشتی شار و ناوچە پیشەسازییەکان روونی کردەوە، پێشتر عێراق سووتەمەنی و نەوتی رەشی بە 150 هەزار دینار بە کارگەکان داوە، بەڵام ئێستا پاڵپشتییەکەی هەڵگرتووە و نرخەکەی بۆ 500 هەزار دینار بەرزکردووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، کارگەکانی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ کە بە کووره و ئاگر کار دەکەن سووتەمەنییەکی زۆریان پێویستە و بۆ بەرهەمهێنانی یەک تۆن چیمەنتۆ 26 دۆلاری تێدەچێت، بەوهۆیەشەوە نرخی تۆنێک چیمەنتۆ لە 80 هەزار دینارەوە بۆ 120 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.

سەبارەت بە کاریگەریی ئەم بەرزبوونەوەیە لەسەر نرخی شوقە و یەکەکانی نیشتەجێبوون، دکتۆر پشتیوان حەمە سەعید باسی لەوە کرد، بێگومان کاریگەری دەبێت و رەنگە وەبەرهێنەران داوای بەرزکردنەوەی نرخی یەکەکانیان بکەن، بەڵام جەختی کردەوە کە وەبەرهێنەران ناتوانن بەبێ رەزامەندی دەستەی وەبەرهێنان و لایەنی پەیوەندیدار نرخەکان بەرزبکەنەوە.

بە گوێرەی داتاکان، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 10 کارگەی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ هەن کە توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەیان زیاتر لە 20 ملیۆن تۆنە، هەروەها 10 کارگەی گەورەی شیش هەن کە توانای بەرهەمهێنانیان ساڵانە سێ ملیۆن تۆنە، هاوکات نزیکەی 400 پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستاندا هەن.