لە پارێزگای واست بازرگانێکی ئاسیایی بە 12 کیلۆ ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر کرا
بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی واست رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی دا تۆمەتبارێکی ئاسیاییان بە 12 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری ئەفیونەوە دەستگیر کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئۆپەراسیۆنەکە لە دەرەوەی سنوورەکان دەستی پێکردووە، تیمەکانیان توانیویانە تێکەڵی تۆڕێکی نێودەوڵەتیی قاچاخچێتی لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ ببن و بەدواداچوون بۆ رێڕەوی بارەکە بکەن.
هاوکات، تیمە ئەمنییەکان بە وردییەکی هەواڵگرییەوە چاودێریی جووڵەی یەکێک لە ئەندامانی تۆڕەکەیان کردووە تاوەکو گەیشتووەتە خاکی عێراق، لە قۆناخی کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکەدا، بۆسەیەکی تۆکمە دانراوە، کە بووە هۆی دەستگیرکردنی تۆمەتبارە ئاسیاییەکە و دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم بارە ماددە هۆشبەرەکە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، بارەکە پێش گەیشتن بە شوێنی مەبەست کەوتووەتە دەست هێزە ئەمنییەکان و رێکاری پێویستی یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارەکە گیراوەتە بەر.
دوێنێ چوارشەممە، وەزارەتی ناوخۆێ عێراق رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەستیان بەسەر 90 کیلۆ ماددەی هۆشبەری حەشیش دا گرت و سێ تۆمەتباری بیانیش دەستگیر کران. هەروەها تۆمەتبارێک هەڵاتووە، هەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی بەردەوامە.