هۆگر عەلی: هەر مارکێتێک نرخ بەرز بکاتەوە رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە

هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاوەدێریی بازاڕی هەولێر هۆشداری توند دەداتە مارکێت و کۆگاکان لەبارەی هەر گۆڕانکاری و بەرزکردنەوەیەکی ناڕەوا لە نرخی کەلوپەل و کالاكاندا، جەختیش دەکاتەوە کە رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتە بەر.

هۆگر عەلی بەڕێوەبەری چاوەدێریی بازاڕی هەولێر بە کوردستان24ی رایگەیاند، بەپێی بەدواداچوونەکانیان هەندێک لە مارکێتەکان دەستکاریی نرخ دەکەن، لە کاتێکدا کۆمپانیاکان بە نووسراوی فەرمی سەرجەم مارکێت و کۆگاکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخەکاندا نەکراوە. 

بەڕێوەبەری چاوەدێریی بازاڕی هەولێر جەختیشی کردەوە، هەر مارکێتێک بەبێ بوونی هیچ هۆکارێک یان گرانبوونی لە سەرچاوەی سەرەکییەوە نرخەکان بەرز بکاتەوە، بەپێی رێنمایی و یاسا بەرکارەکان ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بیست و دووەمین دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، بڕیاریدا گۆڕانکاری لە بەهای ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بکات، بڕیارەکە لەسەر بنەمای ئەو پێشنیازانە بوو کە لەلایەن وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقەوە لە میانەی کۆبوونەوەکەدا پێشکەش کرابوون و ئەمەش نیگەرانی زۆری لەلای هاووڵاتییانی عێراق دروست کردووە و ترسی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خواردنی لەلایان دروست کردووە و ئەو رەفتارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاووڵاتییانی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە.