ژووری بازرگانیی سلێمانی: حەواڵەی پێشووی بازرگانان بە 1320 دینار هەژمار بکرێت

ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، هۆشداریی دەدات لەوەی هەر گۆڕانکاری و بەرزبوونەوەیەک لە بەهای دۆلاردا بارگرانیی راستەوخۆ لەسەر بژێویی هاووڵاتییان و دۆخی دارایی بازرگانان دروست دەکات، هاوکات داوا دەکات رێکارێکی تایبەت بۆ ئەو بازرگانانە بگیرێتەبەر کە مامەڵەکانیان پێش بڕیارەکە دەستپێکردووە و حەواڵەکانیان بە نرخی 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێک ئەنجام بدرێت.

پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، لە راگەیەنراوێکدا نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە بڕیاری بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی دەربڕی و رایگەیاند: ئەم هەنگاوەی حکوومەت و بانکی ناوەندی، کاریگەریی نەرێنی و راستەوخۆی لەسەر جووڵەی بازاڕ، بژێویی ژیانی هاووڵاتییان و پێگەی دارایی بازرگانان دەبێت.

لە راگەیەنەراوەکەدا هاتووە، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار راستەوخۆ دەبێتە هۆی گرانبوونی نرخی کەلوپەل و کاڵا هاوردەکراوەکان، ئەمەش بارگرانییەکی دارایی گەورە لەسەر شانی هاووڵاتییان دروست دەکات و تێچووی ژیانیان بەرز دەکاتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی دووپاتی دەکاتەوە کە پاراستنی جێگیری و هاوسەنگی لە بەهای دراودا تاکە زامنی پاراستنی سەقامگیریی بازاڕە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنەراوەکەدا، ژوورەکە پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ مافە رەواکانی بازرگانانی هاوردەکار دەربڕیوە، بە تایبەت ئەو بازرگانانەی کە پێش دەرچوونی بڕیاری بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار گرێبەستی کڕینی کاڵاکانیان ئەنجام داوە، بەڵام بەهۆی ڕێکارە بانکییەکانەوە تا ئێستا پرۆسەی حەواڵەکردنی پارەکانیان تەواو نەبووە.

ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، داواکارییەکی بە پەلە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە رێکارێکی دارایی تایبەت دابین بکرێت تا حەواڵەی ئەو دەستە لە بازرگانان بە نرخی پێشوو واتە 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێک ئەنجام بدرێت، بە ئامانجی پاراستنی سەرمایەکانیان و دوورخستنەوەیان لە زیانی دارایی چاوەڕوانکراو.

بە پێی راگەیەنراوەکە، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، لە رێگەی سەرجەم کەناڵ و پەیوەندییە فەرمییەکانەوە، بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و بەدواداچوونەکانی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو و دادپەروەرانە؛ بە شێوەیەک کە لە لایەکەوە رێگری لە دروستبوونی گوشاری ئابووری لەسەر هاووڵاتییان بکات، لە لایەکی دیکەشەوە پارێزگاری لە کەرتی بازرگانی و بازرگانانی ناوخۆ بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق بەهای فرۆشتنی دۆلاری بۆ هاووڵاتییان بە 1,520 دینار دیاریی کرد، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران کە لە 22ـەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا و بە پشتبەستن بە پێشنیاز و راسپاردەکانی هەریەک لە وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی پەسەندی کرد.