ئەمشەو 11 کۆچبەری کورد لە لیبیا دەگەڕێندرێنەوە هەولێر
ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیوزخانەی عێراق لە لیبیا بە کوردستان24ـی رایگەیاند، ئەمشەو 11 کۆچبەری کورد لە رێگەی فڕۆکەخانەی معیتقیە لە تەرابلووسەوە دەگەڕێندرێنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و گەشتەکەیان دەستیپێکردووە.
ئەحمەد سەحاف ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، لەبارەی ئەو کۆچبەرانەوە زیاتر روونیکردەوە، سەرجەمیان گەنجن و خەڵکی هەرێمی کوردستانن و بە مەبەستی چوونە ئەوروپاوە رێگەی کۆچی نایاسایی لیبیان گرتووەتەبەر.
سەحاف رایگەیاند، لەم دوو ساڵەی ئەرکی هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیوزخانەی عێراقی پێسپێردراوە، توانیویەتی هەماهەنگی بۆ گەڕاندنەوەی 402 کۆچبەری عێراقی لە لیبیا بکات.
ئاشکراشیکرد، کۆچبەرەکان لە لیبیا رووبەڕووی برسێتی، مەترسی خنکان و بێسەروشوێنبوون بوونەتەوە.
هەر لە بارەی گەڕانەوەی ئەو 11 کۆچبەرە، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، تیمی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانە ئامادە دەبن و راستەوخۆ لەلایەن تیمەکەی ئەوانەوە وەردەگیرێنەوە.
دووشەممە، 5ـی ئەم مانگە، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دیارنەمانی ژمارەیەک هاووڵاتی لە لیبیا، راستەوخۆ لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە راسپێردران دەستبەجێ رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ دۆزینەوە و رزگارکردن و گەڕاندنەوەی ئەم 11 کۆچبەرە.
رۆژێک پێشووتریش، ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاندبوو، توانیویانە چارەنووسی 9 کۆچبەری دیکەی خەڵکی هەرێمی کوردستان ئاشکرا بکەن، کە بە نایاسایی روویان لە لیبیا کردووە. بەڵام بە خواست و ئارەزووی خۆیان بڕیاری گەڕانەوەیانداوە.