ئەترووشی داوای هەنگاوی کردەیی بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک دەکات

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پاڵپشتیی خۆی بۆ بڕیار و چاکسازییە ئابوورییەکانی حکوومەتی فیدراڵ دەربڕی، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەم پاڵپشتییە بەستراوەتەوە بە مەرجی پاراستنی ئاستی ژیانی چینی هەژار.

پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەرهاد ئەمین ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران، وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، پشتیوانیی خۆی بۆ بڕیار و هەنگاوە چاکسازییە ئابوورییەکانی حکوەمەتی فیدراڵ دووپات کردەوە.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی راگەیاندنی فەرهاد ئەترووشی، کۆبوونەوەکە بە مەبەستی تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی تەنگژەی دارایی و رێگەکانی دەربازبوون لە دۆخی ئێستا بەڕێوە چووە.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەترووشی جەختی لە پێویستیی ڕەچاوکردنی رەوشی ژیانی چینە هەژار و کەمدەرامەتەکانی کۆمەڵگە کردووەتەوە، بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی بژێوی و دوورخستنەوەی سەرچاوەی بژێویی ڕۆژانەیان لە مەترسی و شڵەژان.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان داوای کرد دەسەڵاتی جێبەجێکردن هەنگاوی خێرا و کردەیی بنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و رێگریکردن لە گرانبوونی نرخی پێداویستی و خۆراکی بنەڕەتی، هاوکات کەمکردنەوەی لێکەوتە نەرێنییەکانی قەیرانی دارایی لەسەر هاووڵاتییان بە ئەولەوییەتی سەرەکیی کارنامەی هاوبەشی پەرلەمان و حکوومەت لەم قۆناخە هەستیارەدا دابنرێت.